رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، چوار چەکداری هێزی بەرامبەر و سێ ئەندامی ئەمنیی ئێران کوژراون.
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ 12-09-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای وەرگرتنی زانیاریی و بەدواداچوونی وردی هەواڵگری، تیمێکی تیرۆریستی کە پلانی کردەی تیرۆرکردنیان لە سەراوان هەبوو، دەستنیشان کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە ئامانج".
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی سوپای پاسداران، فەرمانگەی گشتیی ئیتڵاعات و پۆلیسی ئێران (فەراجا)، چوار چەکدار کوژران؛ هەروەها دەست بەسەر چەندین پارچە چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی تەقینەوە لە حەشارگەکەیاندا گیرا.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، شەڕ و پێکدادانەکە تاوەکو پێش نیوەڕۆ بەردەوام بوو و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ لە ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی ئێرانیش کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا و ئیسرائیل "بەهۆی شکست لە جەنگدا، فەرمانیان بە گرووپە چەکدارەکان کردووە لە سیستان و بەلووچستان کردووە نائارامی دروستبکەن ".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان کراوە.
سەراوان و شارەکانی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار گۆڕەپانی پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکان بوون.



