رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی تێکشکاندنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لەلایەن واشنتنەوە، بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی (ئەزرەق)ـی ئەمریکا لە ئوردن و زیانی قورسیان بە شوێنی راگرتنی فڕۆکە جەنگییەکان گەیاندووە.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە 09-09-2026 سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکە بڵاویکردەوە، هێزەکەیان بە مووشەکی بالیستی، بنکەی ئەزرەقی ئەمریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو هێرشەدا کە ناوی "یا حەیدەر کەرار"ـی لێنراوە، شوێنی نۆژەنکردنەوە و راگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35، F-16 و F-15ـیان پێکاوە و "زیانێکی قورس"ـیان بە ئەمریکا گەیاندووە.
ئەم هێرشەی ئێران دوای ئەوە دێت، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران دوو جار بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردبووە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکان کە "لە وەڵامی دوایین هێرشە شکستخواردووەکانی ئێراندا" بوون، رایگەیاند: "پێش لێدان و لەکارخستنی کەشتییەکان، هێزەکانی ئەمریکا رێنماییان بە تیمەکان داوە کەشتییەکانیان چۆڵ بکەن."
سێنتکۆم روونیکردووەتەوە، تێکشکاندنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە دوای ئەوە دێت، سوپای پاسداران لە دوو رۆژی رابردوودا دوو جار بە مووشەکی بالیستی کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکای کردە ئامانج. ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییە جەنگییەکە "بە سەرکەوتوویی خۆی لە هەوڵی هێرشەکانی ئێران پاراستووە و لە جووڵە بەردەوام بووە."
ئەمە دووەم جارە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا واشنتن لە وەڵامی هێرشکردنە سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. بە گوتەی سێنتکۆم، رۆژی شەممەش هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی و کەشتییەکی وێرانکەری مووشەکهەڵگر.
لەگەڵ ئەوەشدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان. روبیۆ لە سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا، هەر جارێکیش ئەو کارە بکەن یان هەوڵی بۆ بدەن، کەشتیی نەوتهەڵگر لەدەستدەدەن."



.jpeg&w=3840&q=75)