فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا هۆشداری دەداتە تەواوی کارمەندانی ئەو کەشتی و نەوتهەڵگرە بیانییانەی کە لە سنووری بەندەر و کەناراوەکانی کوێت و بەحرێن راگیراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی "خراپەکارییەکانی سوپای ئەمریکا" لە پێکانی چەندین نەوتهەڵگری ئێرانی، تاران بڕیاری داوە وەڵامی جیدیی هەبێت.
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەو کەشتییانەی لە ناوچە ئاوییەکانی کوێت و بەحرێنـدان و دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی میوانداریی هێزە ئەمریکاییـەکان دەکەن، هاوبەشن لە تاوانەکاندا؛ بۆیە داوا لە کارمەندانی کەشتییەکان دەکەین بە زووترین کات شوێنەکانیان جێبهێڵن، چونکە دەکرێنە ئامانج."
بەپێی راپۆرتــی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە ئەمشەو سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە ناوچەی لەنگەرگای دوورگەی خارگ، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بە مووشەک پێکراوە و دەڵێ، ئەم رووداوە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و ئێستا کارمەندانی نەوتهەڵگرەکە خەریکی چۆڵکردنی کەشتییەکەن.
هاوکات بەرپرسێکى ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، سوپاى ئەمریکا چەند ئامانجێکى لە نزیک دوورگەى خارگ و جاسک پێکاوە و ئامانجەکان کەشتیی نەوتهەڵگەربوون.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ گوتووشیەتی، "هێرشەکە بەشێکە لە گوشارى ئابوورى سەر ئێران و ئامانجمان لەکارخستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانى ئێرانە."
بەر لەم هێرشە، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ لێدانی نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی، وەڵامێکی سەربازیی خێرای بۆ سەر بنکە ئەمریکاییـەکان لە ناوچەکەدا دەبێت.
عەبدوڵڵاهی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هۆشداریی چۆڵکردنی داوەتە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە مەبەستی پێکانیان و گوتیشی: "بە روونی رایدەگەیێنین کە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکرێنە ئامانج."

.jpeg&w=3840&q=75)
