نەوتهەڵگرێکی ئێرانی لە دووریی 4 مایلی لە دوورگەی خارگ لە باشووری ئێران، کرایە ئامانجی مووشەکێکی سوپای ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتــی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە ئەمشەو سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە ناوچەی لەنگەرگای دوورگەی خارگ، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بە مووشەک پێکراوە و دەڵێ، ئەم رووداوە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و ئێستا کارمەندانی نەوتهەڵگرەکە خەریکی چۆڵکردنی کەشتییەکەن.
هاوکات بەرپرسێکى ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، سوپاى ئەمریکا چەند ئامانجێکى لە نزیک دوورگەى خارگ و جاسک پێکاوە و ئامانجەکان کەشتیی نەوتهەڵگەربوون.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ گوتووشیەتی، "هێرشەکە بەشێکە لە گوشارى ئابوورى سەر ئێران و ئامانجمان لەکارخستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانى ئێرانە."
بەر لەم هێرشە، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ لێدانی نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی، وەڵامێکی سەربازیی خێرای بۆ سەر بنکە ئەمریکاییـەکان لە ناوچەکەدا دەبێت.
عەبدوڵڵاهی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هۆشداریی چۆڵکردنی داوەتە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە مەبەستی پێکانیان و گوتیشی: "بە روونی رایدەگەیێنین کە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکرێنە ئامانج."
.jpeg&w=3840&q=75)

