رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشکردنە سەر کۆمەڵێک خوێندکاری عێراقی لە شاری سمنانی ئێران، باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران دەڵێ، بەدواداچوونی بەپەلە و مەیدانی بۆ دۆخی خوێندکارانی عێراقی دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، کە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە: "باڵیۆزخانە لەگەڵ دەستەی رۆشنبیریی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ بەدواداچوونی وردی رووداوەکە پێکهێنا تاوەکو لە نزیکەوە لە هۆکارەکان بکۆڵنەوە و بە زووترین کات چارەسەری بکەن."
باڵیۆزخانەکە لە پەیامێکدا بۆ خوێندکارە عێراقییەکان دەڵێت، "پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی ئێوە لە پێشینەی کارەکانمانە و بابەتەکە بە جیدی وەرگیراوە؛" هەروەها داوا لە قوتابییان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن، هێمنی بپارێزن و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە شوێنی نیشتەجێبوونیان نەچنە دەرەوە، تاوەکو کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
یاسر عیزەدین، باڵیۆزی عێراق لە تاران بە رووداوی گوت: "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و کێشەکە چارەسەر کراوە."
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتە، بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا لیژنە هاوبەشەکە بگاتە شاری سمنان لە پارێزگای سمنان و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی زانست و توێژینەوەی ئێران، بەرپرسانی شاری سمنان و سەرۆکایەتی زانکۆکە کۆببێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی عێراقدا هاتووە کە ئەندامانی لیژنەکە راستەوخۆ لەگەڵ خوێندکارە عێراقییەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن و لە دۆخیان دڵنیا ببنەوە.
باڵیۆزخانەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوام دەبن لە ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران لە هەر پێشهات و رێکارێکی نوێ کە بۆ پاراستنیان دەگیرێتەبەر.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە یەکێک لە بەشەناوخۆییەکانی شاری سمنان لە ئێران هێرش کرایە سەر کۆمەڵێک خوێندکاری عێراقی و تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی هێرشەکە نەزانراوە.


