هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکای بۆ سەر سێ نەوتهەڵگری وڵاتەکەی دەداتەوە و هۆشداری دەداتە سەرجەم کەشتییەکان لە کەنداو و نزیک تەنگەی هورمز.
لە راگەیێندراوەکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دا هاتووە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکای دەستدرێژکار، لە کردەوەیەکی وەحشیانە و بەهۆی بێئومێدییان لە داخراویی تەنگەی هورمز، هێرشیان کردە سەر سێ نەوتهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران و زیانیان پێگەیاندن."
سوپای پاسداران، لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمشەو شەممە، 5ی ئەیلوول بڵاویکردەوە، رایدەگەیێنێت، وەک وەڵامدانەوەیەک و بە پشتبەستن بە بنەماکانی قورئان، سێ نەوتهەڵگریان لە رێڕۆی قەدەخەکراوی تەنگەی هورمز و سێ کەشتیی دیکەی سەر بە ئەمریکایان لە ناوچەکانی دیکە کردووەتە ئامانج.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆشداریی دایە هەموو کەشتییەکانی ناو کەنداو و دەڵێت: "فریوی سوپای تیرۆریستیی ئەمریکا مەخۆن و لە هەر جووڵەیەکی گوماناوی بۆ تێپەڕبوون لە رێڕۆ نایاساییەکان دووربکەونەوە؛ بە پێچەوانەوە، راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و چیدیکە بوار بۆ هیچ سەرپێچییەک ناهێڵرێتەوە."
رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و پەکیان خستوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بە مووشەکی بالیستی دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردبووە ئامانج.


