رووداو دیجیتاڵ
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە لێدوانێکی نوێدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر پلە و پۆستێک لە وڵاتدا هەبێت، تەنیا ئەمانەتێکە لەلایەن خەڵکەوە بە بەرپرسان سپێردراوە.
رووحانی ئەو ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کەسێک دەسەڵاتی رەهای نییە و تەنیا دەنگی گەلە شەرعییەت بە حکومەت دەدات؛ بۆیە پێویستە بەرپرسان بەردەوام لەگەڵ خەڵکدا بدوێن و پرسیاریان لێبکەن.
"زۆربەی خەڵک سەیری میدیایی فەرمیی ئێران ناکەن"
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران رەخنەی لە ئەدای میدیای فەرمیی ئێران (سەدا و سیما) گرت و گوتی: "ئەگەر میدیای نیشتمانی بە زمانێکی نەرم و بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەنگاو نەنێت، دەبێتە ناوەندێک بۆ دروستبوونی ناکۆکی کە تەنیا گرووپێکی بچووک لێی سوودمەند دەبن."
رووحانی هۆشداریی دا کە ئێستا زۆربەی خەڵک، لە بەرپرسانی باڵاوە تاوەکو هاووڵاتییانی ئاسایی، ئارەزووی بینینی ئەو میدیایەیان نەماوە. ئەو داوای کرد میدیا بخرێتە خزمەت هەمووانەوە تاوەکو گەلی ئێران بتوانن لەبارەی کێشەکانی وەک نرخ و هەڵاوسانەوە بە ئازادی بدوێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەن رووحانی تیشکی خستە سەر ستراتیژیی وڵات لە بەرامبەر زلهێزەکان و رایگەیاند، زۆر گرنگە ئامانجە نیشتمانییەکان بۆ خەڵک روون بن. "ئەگەر بڕیار بێت بۆ 20 ساڵی دیکە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان بجەنگین، دەبێت خەڵک رەزامەندیی لەسەر بدەن. ئەگەر گەل رێگەیەکی دیکەیان نیشان داین، بۆچی قبووڵی ناکەین؟"
حەسەن رووحانی وەک نموونە ئاماژەی بە ژیانی پەیامهێن محەممەد کرد (د.خ) کە سەرەڕای پلە و ژیرییەکەی، هەمیشە لەگەڵ خەڵکدا راوێژی کردووە.
ئەو جەختی کردەوە کە ئێستا وڵات (ئێران) لە قۆناخــێکی هەستیاردایە و چیدیکە ناکرێت بێ گەڕانەوە بۆ رای گشتی بڕیاری گەورە بدرێت، بەڵکو دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خواستەکانی خەڵک هەنگاو بنرێت تاوەکو ئێران لە لووتکەی سەقامگیریدا بمێنێتەوە.


