رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و پەکیان خستوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بە مووشەکی بالیستی دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردبووە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم کە رۆژی شەممە 05-09-2026 بڵاویکردەوە، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و تێکشکێنەرێکی ئەمریکا توانیویانە بە سەرکەوتوویی خۆیان لە چەندین هێرشی "بێ پاساوی" ئێران بپارێزن و هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی بەرنەکەوتووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای شکستپێهێنانی هێرشەکانی ئێران، هێزەکانیان هەردوو کەشتیی نەوتهەڵگری (داونی) لە کەناری دوورگەی خارگ و (ستارک)ـیان لە نزیک بەندەری جاسک بەتەواوی پەکخستووە.
هاوکات کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگری بەتاڵ بەناوی (کایلۆ) لە دەریای عومان بەتەواوی تێکشکێندراوە، دوای ئەوەی رێنمایی بە سەرنشینەکانی دراوە کەشتییەکە چۆڵ بکەن، "پاشان لە چەند خاڵێکی هەستیارەوە کراوەتە ئامانج بۆ ئەوەی بەتەواوی لەکار بکەوێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو سێ کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئێران بەشێکن لە تۆڕێکی "سێبەر" بە بەهای چەندین ملیار دۆلار کە هاوکاریی دارایی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکە دابین دەکات. سێنتکۆم گوتی، تاران هیچ توانایەکی نییە بۆ بەرگریکردن لەو کەشتییانە.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "با پەیامەکە بۆ سوپای پاسداران روون بێت؛ ئەگەر ئێوە تەقە لە دوو کەشتیی ئێمە بکەن، لە رێگەی لەنێوبردنی سێ کەشتیتان باجێکی ئابووریی زۆر گەورەتان بەسەردا دەسەپێنین."
فەرماندەی سێنتکۆم دووپاتیشی کردەوە: "ئێمە دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا، ئەگەر پێویستیش بکات، ئەو کەشتیگەلە نەوتییە سنووردار و ئاشکرایەی ئێران لەنێو دەبەین."


