رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، جارێکی دیکە لە دوورگەی خارک لە باشووری ئێران دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە و ئەمریکا نەوتهەڵگرێکی بچووکی کردووەتە ئامانج.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 05-09-2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە دوورگەی خارکی سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران بیسترا.
دواتر میدیای ئێران ئەوەیشی بڵاوکردەوە، نەوتهەڵگرێکی بچووک لەلایەن ئەمریکاوە لە دوورگەی خارک کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە لایەن میدیای ئێرانەوە، هێرشەکە بە چوار درۆن کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هێرشەکەی سەر نەوتهەڵگرەکە لەکاتێکدایە کە لە چوارچێوەی جەنگی 40 رۆژەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار باسی لە دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی ئێران لە دوورگەکە کرد.
دوورگەی خارک شاخوێنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و دەکەوێتە باکووری کەنداو کە بەر لە گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران نزیکەی 90٪ بۆ 95٪ـی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەی لێوە دەکرا.



