رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێ، لە دەستپیکی جەنگی 40 رۆژەوە، دوورگەی خارگ زیاتر لە 550 جار بۆردوومان کراوە.
ئەمڕۆ هەینی، موحسین پاکنژاد، وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2026دا و لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، سەرەڕای ئاستەنگییەکان، گواستنەوە و فروشتی نەوت بەردەوام بووە.
پاکنژاد ئاماژەی بەوەش کرد، لە 28 رۆژی وەستانی جەنگ بەهۆی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، ئێران بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرت و بەشێکی بەرچاو لە نەوتەکەی بۆ دەریای عومان گواستەوە، تاوەکو لەوێوە رادەستی بەکاربەرانی بکات.
وەزیری نەوتی ئێران گەمارۆی دەریایی ئەمریکای بە "سەخت و کاریگەر" ناوبرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پیشەسازیی نەوتی وڵاتەکەی نەکەوتووە و بە بەکارهێنانی رێگەچارەی جۆراوجۆر لە هەوڵی تەواودان بۆ سووڕانەوە لە سزاکان.
لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، موحسین پاکنژاد گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا زیاتر لە 550 خاڵی دوورگەی خارگ کرانە ئامانج، بەڵام کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت لە ژێر بۆردووماندا بەردەوامبوون لە کارکردن و بارکردنی نەوت.


