رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی دوایین هێرشی ئەمریکادا بۆ سەر پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە، 18 کەس کوژران و 108ـی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-09-2026و وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوایین ئاماری تایبەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشی دوێنێی ئەمریکای بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، 18 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون کە لەنێوانیاندا خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵیش هەن.
هاوکات لە سەرجەم پارێزگاکان، بەگشتی 108 کەس بریندار بوون کە تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
دوێنێ سێشەممە جارێکی دیکە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردەوە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی وڵاتەکە (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە نێو خاکی ئێراندا.
هێرشەکان چەند ناوچەیەکیان لە پارێزگاکانی خوزستان، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و کرمان گرتووەتەوە. بەگوێرە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تەنیا لە بەئامانجگرتنی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە سیریکی هورمزگان، لانیکەم 70 کوژراو و بریندار هەن.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی چڕیان کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئوردن، ئیمارات، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان.
ئەمە تووندترین هێرشی هەردوو لایە بۆسەر یەکدی لە چەند هەفتەی رابردوودا.


.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)