رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا رادەگەیێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، درۆنێکی جۆری MQ-9ی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 01-09-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "سوپای ئەمریکا لە هێرشێکی بێ ئومێدانەدا چەندین شوێنی لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بۆردوومان کرد کە چەندین شوێنی سڤیلیشیان تێدابووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هێرشانە قوفڵی تەنگەی هورمز تووندتر دەکەن و ویستی هێزەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی هێزە بیانییە دەستوەردەرەکان لە تەنگەی هورمز بەهێزتر دەکات."
سوپای پاسداران رایدەگەیێنێت کە زنجیرە وەڵامدانەوەکانی خۆی دەستپێکردووە و دەشڵێت، "لە یەکەم هەنگاودا لەلایەن سیستمی بەرگریی هێزی ئاسمانییەوە پەنجایەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری (MQ-9)ی سوپای ئەمریکا خرایە خوارەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیکەیان لە راگەیێندراوی دواتردا بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ئەمڕۆ ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ( سێنتکۆم) رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا، هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران و بنکەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووەتە ئامانج. هاوکات ئێرانیش بۆردوومانی چەند ناوچەیەک لە پارێزگاکانی هورمزگان و سیستان و بەلووچستانی راگەیاند.



.jpg&w=3840&q=75)