رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک، بێدەنگیی ناوچەکە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی کۆتایی هات. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئێران سەرکردە، هێزی دەریایی و ئاسمانی نەماوە. بەرپرسانی تارانیش هەڕەشە دەکەن و دەڵێن، وەڵامی تووندیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت.
شەوی یەکشەممە 31-08-2026، دوای بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرێک لە تەنگەی هورمز، میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر دوورگەی لارک لە باشووری وڵاتەکە.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکییان لە دوورگەکە کردووەتەوە ئامانج. ئەمە یەکەم هێرشی راگەیێندراوی ئەمریکایە لە کۆتایی تەممووزی رابردووەوە.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران و سوپای ئێران (ئەرتەش) لە تۆڵەی هێرشەکەدا چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردە ئامانج.
''ئەمریکا باجی سەربازی و ئابووریی هێرشەکە دەدات''
دوای هێرشەکەی ئەمریکا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی و فەرماندە سەربازییەکان کاردانەوەی تووند و هەڕەشەئامێزیان هەبوو.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هێرشەکە ''هەڵەیەکی ستراتیژی و کوشندە'' بوو لەلایەن ئەمریکاوە لە جەنگێکی ئابووریدا؛ ''هەڵەیەک کە هاوسەنگییەکە دژی داڕێژەرانی دەگۆڕێ و باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە."
حوسێن موحیبی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە هەردوو بواری ئابووری و سەربازیدا باجی ئەو ''هەڵە''ـیە دەدات.
''هیچ دەستدرێژییەک بێ وەڵام نامێنێتەوە''
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەر لەوەی بەیانیی ئەمڕۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای بەرەو قرقیزستان بەڕێبکەوێت، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''ئێمە بەدوای جەنگەوە نین، ئەمە پەیامێکە کە تاوەکو ئیستا جیهان لە ئێمە بیستووە.''
مەسعود پزیشکیان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت: ''لە بەرامبەر دەستدرێژیکردن بێدەنگ نابین و دەتوانین وەڵامی یەکلاییکەرەوەمان هەبێت بۆیان.''
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە کاریگەرییەکانی دروستبوونی نائارامی لە ناوچەکە کرد و گوتی: ''ئەگەر نائارامییەک هەبێت، سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە.''
''دوو بنکەی سەربازیمان لە ئوردن کردنە ئامانج''
هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو کات بە پاساوی هاوکاریکردنی ئەمریکا دژی وڵاتەکەیان، هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
دوای هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر دوورگەی لارک، سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە دوو کەس کوژراون و دووانی دیکەش بریندارن.
سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە "وەڵامی دەستدرێژییەکەی ئەمریکا"دا، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکیی (مەلیک حوسێن) و (ئەزرەق) لە ئوردن.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران هۆشداریش دەدات، ''دەستدرێژی و تاوان، بێچارەیی دووژمن لە لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێراندا لە تەنگەی هورمز چارەسەر ناکات. وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بە هێرشێکی تووندر دەدرێتەوە.''
''هێرشکرایە سەر بنکەیەک لە ئیمارات''
هاوکات پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە راگەیێندراوێکدا باسی لە هێرشێکی درۆنی کرد بۆ سەر بنکەی سەربازیی (ئەلمەنهاد) لە ئیمارات.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بە ''دەیان درۆن سەرکەوتووانە'' بنکە سەربازییەکەیان کردوەتە ئامانج و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا و فڕۆکە جەنگییەکانیان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئێران هۆشداریش دەدات، تاوەکو نەهێشتنی هەڕەشەی ''دووژمن'' بەردەوام دەبن و ''تۆڵە''ـی سەرجەم کوژراوانی جەنگ لە ئەمریکا وەردەگرنەوە.
''ئەمریکا و ئیسرائیل هۆکاری نائارامیی ناوچەکەن''
دوای هێرشەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار کراون ''تاکە هۆکار''ـی هەر نائارامییەکن لە ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەک ''مافێکی رەوا''ـی وڵاتەکە، لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارک و کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک، هێزە چەکدارەکانیان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ئوردن کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە داهاتوویشدا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەکارهێنانی مافی بەرگریی رەوا دوودڵ نابن و وەڵامی ''بەهێز و گونجاو''ـیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت.
''هیچ تاوانێک بێ وەڵام نامێنێتەوە''
یەکێک لەو کەسانەی کاردانەوەی هەبوو بۆ هێرشەکەی ئەمریکا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران بوو کە لە ئێکس پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: ''تاقیکردنەوەی دووبارەی ویستی ئێمە، تەنیا باجی شکستە شەرمەزارییەکانتان قورستر دەکات.''
ئیبراهیم عەزیزی گوتی: ''بێگومان هیچ تاوانێک لە هیچ ئاستێکدا بێ وەڵام نامێنێتەوە؛ وەڵامێکی وێرانکەر و بەئازارترتان دەدەینەوە کە زنجیرەی شکستەکانتان زیاتر دەکات.''
هەڕەشەی بەرپرسانی ئێرانی لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی جارێکی دیکە گوتی: "سەرکردەکانی ئێران کەسانی زۆر تووندوتیژ و شەڕەنگێزن. ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، ئیسرائیل لەنێودەچوو. ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، ئیسرائیل لەنێودەچوو. هیچ ئیسرائیلێک نەدەما".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "رێبەری ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان نەما، سەرکردەکانیان نەمان، هەموو دژە فڕۆکەکانیان (لەنێوچوون)، مەبەستم ئەوەیە، هەموویان لەنێوچوون".
28ـی شوباتی ئەم ساڵ، بە هێرشێکی فراوان و هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، جەنگێکی 40 رۆژە دەستیپێکرد کە دواتر ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام سەرەڕای ئاگربەستەکە و واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان واشنتن و تاران لە 18ـی ئایار، هێشتا ناوەناوە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی بەردەوامە


