رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، سەرکردایەتیی ئێران کەسانی "شەڕەنگێزن" و ئەگەر چەکی ئەتۆمیان هەبوایە، ئەوا بەرامبەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکاریان دەهێنا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە هێرشی ئێران بۆسەر وڵاتانی کەنداو دوای دەستپێکی جەنگەکە هەمووان "شۆک" بوون.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بە سەرکردەکانی ئێران رایگەیاند: "سەرکردەکانی ئێران کەسانی زۆر تووندوتیژ و شەڕەنگێزن. ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، ئیسرائیل لەنێودەچوو. ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، ئیسرائیل لەنێودەچوو. هیچ ئیسرائیلێک نەدەما".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەڵگەی قسەکانی بۆ "شەڕەنگێزیی سەرکردەکانی ئێران" ئەوەیە کە "ئەو کەسانەی (وڵاتانەی) تاوەک رادەیەک بێلایەن بوون، ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان هەڵیانکرد. هەر کە چەنگ دەستی پێکرد، ئەوان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن و کوێت. هەمووان تووشی شۆک بوون".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی درۆنی ومووشەکی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو وەڵامیان دانەوە. ئێران تەنانەت هێرشی کردە سەر عومان کە لە ساڵی 1970ەوە هەوڵی داوە بێ لایەن بێت لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
ترەمپ سەرسامی بە وەڵامەکانی ئێران و هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "سەرسام بووم. پێم وابوو ئەوە شتێکی زۆر باش بوو، چونکە هەموو ئەو پشتیوانییەی کە هەیانبوو لەدەستیان دا. بڕێکی دیاریکراو پشتیوانییان هەبوو. با بڵێین بێلایەن بوون، تاوەکو رادەیەکی زۆر بێلایەن. ئەوەش واتە ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، بەکاریان دەهێنا، بۆیە پێم وایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئیسرائیل لەنێودەچوون".
ترەمپ: هەموو هێزی ئێران لەنێوچووە
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "رێبەری ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان نەما، سەرکردەکانیان نەمان، هەموو دژە فڕۆکەکانیان (لەنێوچوون)، مەبەستم ئەوەیە، هەموویان لەنێوچوون".
ترەمپ سەبارەت بە سەرکردەکانی ئێرانیش دەڵێت، "ئەوان کەسانێکی سەرسەختن، کەسانێکی زیرەکن، بەڵام زۆر شەڕەنگێزن. تا سێ مانگ لەمەوبەر 52 هەزار خۆپیشاندەریان کوشت و بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر زیاتریشیان کوشتووە".
کانوونی یەکەمی رابردوو، خەڵکی تاران خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان دژی گرانی لە بازاڕی گەورەی تاران کرد و دواتر خۆپێشاندانەکە فراوان بوو. رێکخراوەکانی ئێران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەیان بە کوژرانی خەڵکێکی زۆر لەو خۆپێشاندانانەدا کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەو کەسانە کرد کە ئێران کوشتوونی و گوتی: "تەنانەت ئەو کەسانەی خۆپیشاندانیش ناکەن، (هێزە ئەمنییەکانی ئێران) دەچنە ماڵەکانیان و دەیانگرن و تەقەیان لێ دەکەن. ئەمانە کەسانی زۆر تووندوتیژ و شەڕەنگێزن".

