رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن و رایدەگەیێنێت، "دوژمن" لە هەردوو بواری ئابووری و سەربازیدا باجی هێرشەکەی سەر دوورگەی لارک دەدات. دەشڵێت، ئەو هەنگاوە "هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندە" بووە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە.
یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، حوسێن موحێبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "ئەو هەنگاوە، هەڵەیەکی ستراتیژی و کوشندە بوو لەلایەن رژێمی ترەمپەوە لە میانی جەنگی ئابووریدا؛ هەڵەیەک کە هاوسەنگییەکە دژی داڕێژەرانی دەگۆڕێت و باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە."
گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، کە دوژمن لە هەردوو بواری ئابووری و سەربازیدا، باجی ئەو "هەڵەیە" دەدات.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت، کە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە باشووری ئەو وڵاتە بۆردوومان کردووە.
لای خۆیەوە، سوپای پاسداران هێرشەکەی ئەمریکای پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، چەند کەسێکی سڤیل و سەربازی کوژراو و بریندار بوون.



