رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە بەرامبەر گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی و سزا ئابوورییەکان، کاردانەوەی تووندیان دەبێت. دەشڵێت: ''بەمزووانە ئەمریکییەکان لەم پلانەشدا شکست دەهێنن.''
رۆژی یەکشەممە 30-08-2026، عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''ئێران بەرامبەر سزای ئابووری و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکان، دەستەوەستان نامێنێت و کاردانەوەی خێرا و تووندی دەبێت."
عەلی زەینیوەند ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی سزا ئابوورییەکان کرد و گوتی، "ئاساییە ئەم گوشارانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران هەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە تەنیا زیان بە ئابووریی ئێران بگات، بەڵکو لێکەوتەکانی وڵاتانی دیکە و خۆشیان (ئەمریکا) دەگرێتەوە.''
رۆژی هەینی 28ـی ئاب، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆکەیان بۆ سەر ئێران یەکجار کاریگەر بووە. بە جۆرێک کە ئەو وڵاتە لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزەوە هیچ نەوتێکی هەناردە نەکردووە و هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەوان نەچووەتە نێو بەندەرەکانی یان لێیانەوە دەرنەچووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رەتیکردەوە، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانەوە وڵاتەکەی بەرەو داڕمانی ئابووری بچێت و دەڵێت: "ئەوەی ئەمریکا بیری لێ دەکاتەوە کە بە شەش مانگ یان ساڵێک لە رێگەی داخستنی دەریاوە دەتوانێت کارێک بکات، هەڵەیە. ئەوان بەمزووانە بە شکستی ئەم پلانەشیان دەزانن.''
سەپاندنی گەمارۆی دەریایی سەرتاسەری بەسەر بەندەرەکان و هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەشێکە لە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) لە جەنگی سەربازیی هەڵگیرساوی نێوان واشنتن و تاران.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران دوو قۆناخی سەرەکی هەبوو. قۆناخی یەکەم لە 13ی نیسانی 2026 دەستیپێکرد، کاتێک واشنتن بڕیاری دا هاتووچۆی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران سنووردار بکات. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بوو بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و هێرشەکانی تاران لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی شوباتی 2026.
لەم ماوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا ئاراستەی زیاتر لە 140 کەشتییان گۆڕی و 9 کەشتیشیان پەکخست.
ئەم گەمارۆیە تاوەکو 18ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام بوو و ئەوکات هەڵگیرا، دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران، کە وەک ئاگربەستێکی کاتی کاری دەکرد و تارانیش بەڵێنی کردنەوەی تەنگەی هورمزی دا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئەمریکا جارێکی دیکە گەمارۆکەی سەپاندەوە. لە 13ی تەممووزی 2026 سێنتکۆم رایگەیاند، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، گەمارۆکە لە 14ی تەممووزەوە دەستپێدەکاتەوە.


