رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ کێشەیەکی لە دابینکردنی بەنزیندا هەبێت و دەڵێت، رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بەنزین هاوردەدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، رەزا سپەهوەند، گوتەبێژی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئێستا کۆی بەرهەمهێنانی رۆژانەی بەنزینیان لە سەرانسەری وڵاتەکە گەیشتووەتە نزیکەی 132 ملیۆن لیتر.
بەگوتەی رەزا سپەهوەند، بەکارهێنانی بەنزین لەم رۆژانەدا زیاتر لە 137 ملیۆن لیترە و "پێشبینیدەکرێت هەرچەندە لە کۆتایی مانگی خەرمانان (22ـی ئەیلوول) نزیکتر ببینەوە، رۆژانە بەنزینێکی زیاتر بەکاربهێندرێت و لە کۆتاییدا بگاتە سەرووی 140 ملیۆن لیتر."
وەک گوتەبێژی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە کۆتاییەکانی مانگی خەرماناندا (22ـی ئەیلوول)، لانیکەم رۆژانە شەش ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزینیان دەبێت.
"رێگەی هاوردەکردنی بەنزین کراوەیە"
سەرەڕای بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، رەزا سپەهوەند گوتی، بۆ دابینکردنی بەنزین پشت بە هاوردەکردنیش دەبەستن.
گوتەبێژی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک گوتیشی، "رۆژانە لەرێگەی چەندین رێگەی جیاوازەوە، تاوەکو چەند ملیۆن لیتر هاوردەی بەنزینمان هەیە و بەوشێوەیە دابەشکردن دەگەیەنینە 135 ملیۆن لیتری رۆژانە."
جیا لە هاوردەکردن، رەزا سپەهوەند وەک چارەسەرێکی دیکەی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بەنزین گوتی: "یەدەگی بەنزینی خۆمان بەکاردەهێنین کە لە ساڵانی رابردووشدا ئەوە کراوە."
رۆژانە لە شارە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نۆرەی دوورودرێژی ئۆتۆمبێلەکان لە بەنزینخانە دەبینرێت. ئەو پەرلەمانتارەی وڵاتەکە دڵنیایی دەداتە خەڵک کە هیچ کێشەیەک بۆ دابینکردنی بەنزینی پێویستی رۆژانە لەئارادا نییە و "ئەو نۆرە دوورودرێژانەی لە هەندێک شاردا دەبینرێن، بەهۆی زیادبوونی گەشتەکانە لەم مانگەدا."
قسەکانی رەزا سپەهوەند لەکاتێکدان کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران باس لە کورتهێنانی بەنزین و داخرانی رێگەی هاوردەکردن، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانەوە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران راگەیاند: "کورتهێنانمان هەیە و بەرهەمهێنانی بەنزین بەشی پێداویستیی ناوخۆیی ناکات."
بەگوتەی محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری وڵاتەکەی، رێگەی هاوردەکردنی بەنزینیش بۆ ئێران بەستراوە.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەمساڵ دەستیپێکرد، بەهۆی بۆردوومانی ژمارەیەک لە پاڵاوتگەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هەروەها گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکان، وڵاتەکە تووشی کورتهێنانی پێکهاتەکانی نەوت، بەتایبەتی بەنزین بوو.
لە جەرگەی جەنگدا، حکومەت رایگەیاندبوو، توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان، رۆژانە 114 ملیۆن لیترە، بەڵام پێویستیی ناوخۆییان دەگاتە 135 ملیۆن لیتر، ئەوەش کورتهێنانی بەنزینی لە وڵاتەکە زیاترکردبوو.
حکومەت سێ بەشە بەنزینی 60 لیتر بە نرخی 1500 تمەن، 50 لیتر بە 3000 تمەن و نزیکەی 40 لیتر بەپێی پشکی پارێزگاکان بە 5000 تمەن بۆ شۆفێران دەستنیشانکردووە، بەڵام پلانی هەبوو ئەو بەشە بەنزینانە کەمبکاتەوە و بەنزینی ئازاد بە نرخی 87 هەزار و 200 تمەن بداتە شۆفێران.


