رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێ، لە 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە و لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل، 4,352 کەس لە وڵاتەکەی کوژراون و 12,318 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 28-08-2026، ناوەندی فریاگوزاریی سەر بە وەزارەتەکە بڵاویکردەوە، ئەم ئامارە نوێیە دوای کوژرانی 2 کەسی دیکە دێت لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان.
لە دوێنێ پێنجشەممەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر باشووری لوبنان چڕتر کردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەکدارانی حیزبوڵڵا لە ژێرخانی "ژێرزەوی" باشووری لوبناندا خۆیان حەشارداوە و هەربۆیە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشە نوێیەکانی وەڵامێکن بۆ هێرشی چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆسەر پێگەکانی کە شەوی چوارشەممە ئەنجامی دا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی لوبنان، تەنیا لە مانگی ئابدا نزیکەی 20 کەسی سڤیل لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، ئەمەش نیوەی ژمارەی کوژراوانی مانگی تەمموزە.
بەردەوامی پێکدادانەکان لە کاتێکدان، لە مانگی حوزەیراندا لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا رێککەوتنێکی چوارچێوەییان واژۆکرد. بڕیاربوو بەپێی رێککەوتنەکە رێوشوێنی ئەمنی بگیرێتەبەر و سوپای لوبنان لە باشووری وڵات جێگیربێتەوە، هاوکات هەنگاو بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئابووری بنرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆربەی بەندەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراون.
جەنگی ئەم ساڵی لوبنان لە 2ـی ئاداری 2026 دەستی پێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وایکرد تەلئەڤیڤ بە هێرشی ئاسمانیی و زەوینی بەرفراوان وەڵام بداتەوە.
ئێستا هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی ئەمنییدا جێگیرن کە خۆیان دیارییان کردووە و بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر چوونەتە نێو خاکی لوبنان.


