رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، لەبری ئەوەی ملیاران دۆلار لە ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکاندا خەرج بکات، دەبوو واشنتن ئەو پارەیە بۆ خەڵکی خۆی بەکاربهێنێت.
ئەمڕۆ هەینی، 28-08-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکای دایەوە کە نووسیبووی: "لە کاتێکدا گەلی ئێران لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیدا دەجەنگێت، رژێمی گەندەڵ بەردەوامە لە بەفیڕۆدانی بڕە پارەیەکی زۆر لە دەرەوە."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو: "لەبری ئەوەی ملیاران دۆلار بداتە بریکارە تیرۆریستەکانی، دەبوو رژێم ئەو پارەیە بۆ گەلەکەی خۆی خەرج بکات."
لە وەڵامدا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ئێکس نووسی: "لەبری ئەوەی ملیاران دۆلار بداتە بریکارە تیرۆریستەکەی کە ئیسرائیلە، هەروەها 750 بنکە سەربازییەکەی، ئەم ئیمپراتۆرییەتە شکستخواردووە دەیتوانی ئەو پارەیە بۆ خەڵکەکەی خۆی خەرج بکات."
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن و رۆژی دووشەممە 24ی ئاب، سکۆت بێسێنت سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاند و رایگەیاند، شادەماری ئابووریی ئێران دەکەنە ئامانج و هەر لایەنێک و وڵاتێک یارمەتی ئێران بدات، سزای بەسەردا دەسەپێنن.
لەبەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێ، هەر وڵاتێک لە سەپاندنی سزاکاندا هاوکاری ئەمریکا بکات، بەرژەوەندییەکانی دەکەنە ئامانج.


