رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان لە تەنگەی هورمز بەدەستهێناوە و رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانیان لەو مینە دەریاییانە پاککردووەتەوە کە سوپای پاسداران چاندبوونی. دەشڵێت، لە کاتی دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەوە، ئێران نەیتوانیوە هیچ بڕە نەوتێک هەناردە بکات.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوایین زانیارییەکانی دەربارەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستەڕوو. راشیگەیاند کە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێران و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانین.
پاککردنەوەی "ئۆتۆبانی" کەشتییەکان
ئەدمیراڵ کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، تیمە تایبەتەکانیان بە هاوکاریی ژێر دەریاییەکان و هێزی دەریایی و ئاسمانی، "سیستمی جیاکردنەوەی هاتووچۆ" (TSS)ـیان لە تەنگەی هورمز لە مینەکانی ئێران پاککردووەتەوە.
کووپەر ئەو رێڕەوانەی بە "ئۆتۆبانی کەشتییەکان" لە ئۆقیانووسەکاندا وەسفکرد و گوتی: "ئەمڕۆ رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان کراوەن و هاتووچۆ تێیاندا روو لە زیادبوونە."
سەبارەت بە کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر بازاڕی وزە، فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد: "لە مانگەکانی رابردوودا، یارمەتیی تێپەڕبوونی نزیکەی 1500 کەشتیی بازرگانیمان داوە."
لە بەرامبەردا، کووپەر جەختی لەوە کردەوە، گەمارۆکەیان بۆ سەر ئێران یەکجار کاریگەر بووە و گوتی: "ئێران لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە هیچ نەوتێکی هەناردە نەکردووە. هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئێمە نەچووەتە ناو بەندەرەکانی ئێران و لێشیان دەرنەچووە، تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆیی رێگەمان بە هەندێک کەشتی داوە."
بەپێی گوتەکانی فەرماندەی سێنتکۆم، ئەمریکا بە زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە چاودێریی ناوچەکە دەکات. لەو ماوەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لە 75 کەشتی کردووە کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن، هەروەها سێ کەشتیشیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە لەکارخستووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەدمیراڵ براد کووپەر دەستخۆشی لە سەربازانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند کە هێزەکانی سێنتکۆم "بڕیاردەر و بێبەزەیی" دەمێننەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سەقامگیریی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.


.jpg&w=3840&q=75)