رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن رایگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرن لە هاوردەکردنی بەنزین. راشیگەیاند، بەرهەمهێنانی بەنزینی وڵاتەکە، وەڵامدەرەوەی پێویستیی نێوخۆیی نییە.
چوارشەممە 26-08-2026، محەمەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن باسی لە کێشەی کەمیی بەنزین کرد لە وڵاتەکە و رایگەیاند: ''کورتهێنانمان هەیە و بەرهەمهێنانی بەنزین بەشی پێداویستیی نێوخۆیی ناکات.''
بەگوتەی محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، رێگەی هاوردەکردنی بەنزینیش لە وڵاتەکە داخراوە.
حکومەتی ئێران مانگانە بەشە بەنزینی دەستنیشانکردووە و 60 لیتر بە نرخی 1500 تمەن، 50 لیتر بە 3000 تمەن و نزیکەی 40 لیتر بە 5000 تمەن دەداتە شۆفێران، بەڵام پلانی هەیە ئەو بەشە بەنزینانە کەم بکاتەوە و بەنزینی ئازاد بە نرخی 87 هەزار و 200 تمەن دابەش بکات.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە پلانی نوێی حکومەت کرد بۆ دابەشکردنی بەنزین و گوتی: ''دادپەروەرانە نییە، دەبێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە هەنگاو بنرێت. ناکرێ بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بەنزین لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بین.''
کەرامەت وەیس کەرەمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی پێکهاتەکانی نەوتی ئێران دەڵێت، تەنیا رۆژی سێشەممە، 150 ملیۆن لیتر بەنزینیان لە سەرانسەری وڵاتەکە دابەشکردووە.
کەرامەت وەیس کەرەمی ئەوەشی خستەڕوو، بەنزین بە شێوەیەکی بەردەوام و جێگیر دابین دەکرێ و هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە.''
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، بەهۆی بۆردوومانی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هەروەها گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکان، وڵاتەکە تووشی کورتهێنانی پێکهاتەکانی نەوت، بەتایبەتی بەنزین بوو.
پێشتر حکومەت رایگەیاندبوو، توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان، رۆژانە 114 ملیۆن لیترە، بەڵام پێویستیی نێوخۆییان دەگاتە 135 ملیۆن لیتر، ئەوەش کورتهێنانی بەنزینی لە وڵاتەکە زیاتر کردبوو.



