رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە دەزگایەکی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، لەنێو تەنگەی هورمز و لە کەناراوەکانی عومان، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە تەنێک پێکراوە و لەکارخراوە، کە بەهۆیەوە زیانی مادیی پێگەیشتووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) گوتی: "کاپتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر رایگەیاندووە کە کەشتییەکەیان بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە، کە بووەتە هۆی گەیاندنی زیان بە ژووری بزوێنەرەکە و لەکارخستنی کەشتییەکە." ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم تیمی کەشتییەکە سەلامەتن.
دەزگاکە روونیکردەوە، رووداوەکە لە دووریی 16.7 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی شیشە لە عومان روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی کەشتییەکە و ئاراستەی گەشتەکەی ئاشکرا نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەوەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، تاران بەشێوەیەکی کردەیی گەمارۆی خستووەتە سەر تەنگەکە و دەیەوێت باج لە بەرامبەر تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا وەربگرێت، هەروەها هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی کە گوایە هەوڵدەدەن خۆیان لەو رێڕەوە لابدەن کە تاران دیاریکردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، رۆژی دووشەممە و لە کاتێکدا شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیک دەبێتەوە لە مانگی شەشەمی، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پلانەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ "خنکاندنی ئابووری"ی ئێران.
.avif&w=3840&q=75)

