رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە وەڵامی سزا ئابوورییە نوێیەکانی ئەمریکادا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەتوانێت ئەم قۆناخە "پڕ لە گوشارە" تێپەڕێنێت. دەشڵێت: "نکوڵی لە سەختییە ئابوورییەکان ناکەین، بەڵام بە دانایی و یەکگرتوویی دەرباز دەبین."
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئابی 2026، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) کاردانەوەی تاران بەرامبەر بڕیارە نوێیەکەی ئەمریکا نیشاندا و بڵاویکردەوە: "حکومەت و سەرۆککۆمار بە ژیری و پێداگرییەوە وڵات لەم قۆناخەش دەرباز دەکەن."
ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی هێرشێکی ئابووریی بێپێشینەی بۆ سەر هەموو پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا راگەیاند. بێسێنت رایگەیاند، ئامانجی واشنتن بڕینی هەموو ئەو شادەمارە ئابوورییانەیە کە تاران و سوپای پاسداران دەپارێزن، تاوەکو ئەو کاتەی ئێران بە تەواوی لە جیهان دادەبڕێت.
لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمڕۆدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج سێکتەری یەکجار گرنگی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە تاران لە وڵاتانی دیکەدا سوودیان لێ دەبینێت، ئەوانیش: سەرمایە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لەمڕۆوە وەزارەتەکەی و ئاژانسەکانی دیکەی ئەمریکا "پەتەکە لەسەر ملی رژێمی ئێران تووندتر دەکەن"؛ گوتیشی: "ئێمە پەیڕەوی لە ستراتیژیی سفر دزەکردن دەکەین؛ کەمترین دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ رژێمەکە نامێنێتەوە تاوەکو تواناکانی خۆی بۆ تیرۆر دژی ئەمریکا و جیهان بنیات بنێتەوە."
بە گوتەی بێسێنت، ئەمە هەڵمەتێکی بەردەوامە بۆ لەناوبردنی هەموو دوا بژاردەکانی بەردەم تاران.
بێسێنت هەڕەشەیەکی تووندی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد کە هێشتا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و گوتی: "چیدی قبووڵکراو نییە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکانی ئەم ململانێیەدا کار بکرێت. وڵاتان ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە چاویان نایبینێت کاتێک ئاسانکاری بۆ کڕین و گواستنەوەی نەوتی ئێران و گواستنەوەی پارەکانیان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەکەن."


