رووداو دیجیتاڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هیچ کەسێک باوەڕ بە هەڕەشە و "قسە زلەکان"ی ئەمریکا ناکات و دەڵێت، هاوبەشە بازرگانییەکانی تاران پێیان راگەیاندوون، هیچ حیسابێک بۆ هەڕەشەکانی واشنتن ناکەن. محەممەدباقر قالیباف، ئەمڕۆ دووشەممە، 24-08-2026، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمریکییەکان خۆیان دەزانن کەس باوەڕ بە قسە زلەکانیان ناکات؛ ئەمریکا لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێکدا نییە کە بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەمە زیاتر سنووردار بکات." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەبارەت بە کاردانەوەی هاوبەشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی دەڵێت: "هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران، هەم لە رێگەی میدیاکانەوە و هەم بە ناردنی پەیام بۆ ئێمە، رایانگەیاندووە کە ئەم لێدوان و هەڕەشانەی ئەمریکا بە هیچ دەزانن و هیچ حیسابێکی بۆ ناکەن." ئەمە لەکاتێکدایە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی سزای زیاتری ئابووری بەسەر ئێراندا رادەگەیێنێت و دەڵێت، "شادەماری ئابووری ئێران دەکەینە ئامانج و هەر لایەنێک و وڵاتێک یارمەتی ئێران بدات، هەموو سزایەکی بەسەردا دەسەپێنین". هاوکات تارانیش هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداو دەکات، لە ئەگەری پەیوەستبوونیان بە جێبەجێکردنی سزاکانەوە، هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە.