کێشەی بەرزاییەکانی گۆلان چییە؟
لە جەنگی ساڵی 1967، ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی لە سووریا داگیر کرد و لە ساڵی 1981یش رایگەیاند ئیدی بە بەشێک لە خاکی خۆی هەژماری دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل رەتدەکەنەوە و گۆلان بە خاکی داگیرکراوی سووریا دەزانن.
بەڵام لە ساڵی 2019ـدا، دۆناڵد ترەمپ بەپێچەوانەی سیاسەتی دەیان ساڵەی ئەمریکاوە، دانی بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر گۆلاندا نا.
تۆم باراک چی گوتبوو و چۆن قسەکەی گۆڕی؟
رۆژی هەینی، تۆم باراک لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، ئیسرائیل "هێشتا" گۆلانی داگیر کردووە. ئەم قسەیە تووڕەیی زۆری لێکەوتەوە، لەنێویاندا ریک سکۆت، سیناتۆری کۆمارییەکان کە گوتی، وا دیارە باڵیۆزەکە بڕیارەکەی ترەمپی "بیرچووەتەوە."
بۆیە رۆژی یەکشەممە، باراک روونکردنەوەی دا و بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاند، قسەکانی تەنیا باسکردنی مێژووی ناوچەکە بووە نەک "پشتگیریکردن لە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان." جەختیشی لەوە کردەوە کە "سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە گۆلان لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە لە ساڵی 2019 دیاریکراوە و نەگۆڕاوە."
باراک گوتی، مەبەستی ئەوە بووە کە روونی بکاتەوە بۆچی پێشبینی ناکات ئیسرائیل ئەو بەشانەی باشووری لوبنان کە ئێستا داگیری کردوون، بخاتە سەر خاکی خۆی و ویستوویەتی بڵێت کە رێککەوتن و دانوستاندن زۆر باشترە لە گۆڕینی نەخشەکان بە زەبری هێز، بۆیە گۆلانی وەک نموونەیەک هێناوەتەوە کە "ئەو خاکەی بە هێز دەگیرێت، بۆ چەندین نەوە کێشەی لەسەر دەمێنێتەوە."
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری سووریا
لە هەمان چاوپێکەوتنی رۆژی هەینیدا، باراک رەخنەی لە هێرشێکی ئیسرائیلیش گرت بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە باکووری سووریا. ئیسرائیل گوتبووی، ئامانج لەم هێرشە رێگریکردن بووە لەوەی تورکیا لەو بنکەیەدا هێز جێگیر بکات، هەرچەندە تورکیا و سووریا ئەمەیان رەتکردەوە.
لە وەڵامدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەرگری لە هێرشەکە کرد و گوتی، لەسەر بنەمای "زانیاریی هەواڵگریی روون" بووە، و جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن تورکیا "لە سووریا جێپێی خۆی تۆکمە بکات و هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات."
ئایا ئەمریکا لەگەڵ حیزبوڵڵا و ئێران دادەنیشێت؟
کێشەیەکی دیکەی قسەکانی باراک ئەوە بوو کە سەبارەت بە دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان گوتبووی: "دوو کەس لەسەر مێزی گفتوگۆکان نین؛ ئەوانیش حیزبوڵڵا و ئێرانن." ئەم قسەیە وایکرد خەڵک پێیان وابێت ئەمریکا دەیەوێت ئێران و حیزبوڵڵا بەشداریی گفتوگۆکان بکەن.
بەڵام رۆژی یەکشەممە باراک ئەمەشی رەتکردەوە و گوتی، ئەمریکا هەرگیز دانوستاندن لەگەڵ حیزبوڵڵا ناکات چونکە "رێکخراوێکی تیرۆریستییە." روونیکردەوە کە مەبەستی تەنیا ئەوە بووە کە چارەسەرکردنی کێشەی چەکەکانی حیزبوڵڵا قورسە، چونکە ئەو چەکانە لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێن و پارەدار دەکرێن و مەبەستی نەبووە مێزێکی نوێی گفتوگۆ دروست بکات.



