رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وێرانبوونی بنکەی سەرەکیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن) تووشی قەیرانێکی تووندی لۆجیستی بووە و سەربازانی سەر کەشتییەکە لە دۆخێکی "ترسناکدا" دەژین.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی کە رۆژی یەکشەممە 23-08-2026 بڵاوکراوەتەوە، کورتهێنانی خۆراک، تێکچوونی سیستمی ئاو و پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی شوشتنی جلوبەرگ لەسەر کەشتییەکە، تووڕەیییەکی گەورەی لەنێو 5,000 سەرباز و خێزانەکانیاندا دروست کردووە.
هۆکاری قەیرانەکە؛ پەککەوتنی بنکەی بەحرێن
کێشەکانی ئەم کەشتییە جەنگییە دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵدا، بنکەی سەرەکیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆنیی تارانەوە بە تەواوی وێران بوو.
ئەمەش وایکرد سوپای ئەمریکا ناچار بێت وێستگەی لۆجیستیی خۆی بۆ دوورگەی (دیگۆ گارسیا) لە زەریای هیندی بگوازێتەوە، کە نزیکەی 3,500 کیلۆمەتر لە کەشتییەکە دوورە. ئەم دوورییە گەورەیە گەیاندنی خۆراک و پێداویستییەکانی گەیاندووەتە بنبەست.
سەربازان: "وەک فیلمی ترسناک وایە"
دانیێل راپا، دایکی یەکێک لە سەربازەکان بە کەناڵی (NBC News)ی راگەیاندووە، کوڕەکەی دۆخی نێو کەشتییەکەی وەک "دیمەنێکی فیلمی ترسناک" وەسف کردووە. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە 3ی ئابدا سەربازێک بەهۆی تێکچوونی دۆخی دەروونییەوە خۆی خستووەتە ناو ئاوی دەریاکەوە و رێگری لە چەندین سەربازی دیکەش کراوە کە هەوڵی هاوشێوەیان داوە.
وەڵامی واشنتن و گۆڕینی کەشتییەکە
پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانەکانیاندا راپۆرتەکانیان لەبارەی خراپیی دۆخی کەشتییەکە بە "زێدەڕۆیی" ناوبرد، بەڵام سەرەڕای ئەو لێدوانانە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS George Washington) گەیشتووەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی شوێنی کەشتیی (ئەبراهام لینکن) بگرێتەوە.
کەشتیی ئەبراهام لینکن زیاتر لە 270 رۆژی بەردەوام لە ناو ئاودا ماوەتەوە (درێژترین ماوە لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە). هێزی سەرەکیی لێدانی ئەمریکا بووە لە جەنگی دژی ئێران کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکرد. بڕیارە لە رێگەی زەریای هیندییەوە بەرەو بەندەری سان دیێگۆ بگەڕێتەوە.
شارەزایان پێیانوایە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن، پنتاگۆنی ناچار کردووە پێداچوونەوەی جدی بە سیستمی بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکاتەوە.



