رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، سەپاندنی سزای نوێی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتەکەیدا تەنیا بەردەوامیدان بە جەنگی ئابووری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی سەروەریی واشنتن بەسەر سەرجەم وڵاتانی سەربەخۆدا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە،22ی ئابی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "هیچ حکومەتێک مافی ئەوەی نییە بانکەکان، کۆمپانیاکان یان فڕۆکەخانە بیانییەکان ناچار بکات دەستبەرداری بازرگانیی یاسایی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە بن، چونکە هەریەک لەو دامەزراوانە لەژێر سەروەری و دەسەڵاتی تایبەتی وڵاتەکەی خۆیاندان."
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو جۆرە "سزا لاوەکییانە"ی واشنتن هیچ بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتییان نییە و گوتیشی، "ئەم سزایانە بنەمای سەرەکیی یەکسانیی سەروەری پێشێل دەکەن کە لە بڕگەی یەکەمی مادەی دووی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپاوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە "ئامانج لەم تۆقاندنە ئابوورییە ناچارکردنی حکومەتێکی سەربەخۆیە بە گۆڕینی بڕیارە سیاسییە رەواکانی."
بەقایی هۆشداری لە لێکەوتی ئەم هەنگاوانە دەدات و دەڵێ، "کاتێک ئەم سزایانە لەگەڵ گەمارۆی دەریایی پێکەوە دەبەسترێنەوە، بە ویستی هێزێکی دەرەکی، سەروەریی وڵاتانی دیکە دادەبەزێندرێ بۆ دۆخێکی کاتی و مەرجدار."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە "ملکەچبوون لەبەرامبەر ئەم گوشارانە هیچ وڵاتێک ناپارێزێ، بەڵکو دەبێتەهۆی لەنێوچوونی تەواوەتیی سەروەریی نیشتمانی و رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەیەکی کارەساتبار بەرەو قۆناخی داگیرکاریی لە جیهاندا."
دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی "رێوشوێنی ئابووریی تووندی" دژی ئێران کرد و بەڵێنی "جەنگی ئابووری و گۆشەگیری لەسەر ئاستێکی بێ پێشینە" دا. ترەمپ وردەکاریی زیاتری نەدا کە بە چ رێگەیەک گوشارەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی "گەورەترین گۆشەگیریی ئابووریی رێکخراو لە مێژووی جیهان"دا دەبێتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، بێسێنت هەڕەشەی سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا کرد کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و گوتی، کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕیار بدەن لە چ بەرەیەکدا دەبن. هەرچەندە ناوی نەهێنان، بەڵام چین و هیندستان گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن.

.webp&w=3840&q=75)

