رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بەفەرمی دژایەتیی خۆی بۆ پرۆژەیاساکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە ناوی "پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی دزەکردن" راگەیاند و هۆشداری دەدات کە پەسندکردنی لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و دەبێتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دەستەبژێرەکان.
مەجید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی، رۆژی چوارشەممە بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، پرۆژەیاسای پەرلەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، پێشێلکارییەکی روونی مافەکانی هاووڵاتییان، ئازادییە تاکەکەسییەکان و دەستووری وڵاتە.
مەجید ئەنساری گوتی: "لەلایەکی دیکەشەوە پرۆژەیاساکە لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی [عەلی خامنەیی] دژایەتیی بنەڕەتی هەیە و لە هەندێک بڕگەشدا پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە."
ئەنساری ئاماژەی بە سێ لێکەوتەی مەترسیداری پرۆژەیاساکە دەکات و دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە سنووردارکردنی تووند لە بواری زانستیدا دروست دەکات، دەبێتە هۆی خێراترکردنی کۆچی دەستەبژێرەکان و لەسەر ئاستی جیهانیش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی ئێران دەبێت."
هاوکات عەلی ئەحمەدنیا، سەرۆکی کاروباری راگەیاندنی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لەکاتێکدا رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە راستەقینەکانی خەڵک کردووەتەوە، پێویستە پەرلەمان واز لەم جۆرە گەڵاڵە سنووردارکەرانە بهێنێت.
عەلی ئەحمەدنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، حکومەت پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی دزەکردن بەپێچەوانەی دەستوور و مافی هاووڵاتییان دەزانێت و دژایەتیی خۆی بە پەرلەمان گەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد بەخشایش، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئیسنا" رەخنەی تووندی لە پرۆژەیاساکە گرت و گوتی: "بەپێی بڕگەکانی ئەم پرۆژەیاسایە، ئەگەر هەر کەسێک، رێکخراوێکی مەدەنی، ئەنجوومەن یان پارتێک، هاوکاریی دارایی لە باڵیۆزخانەکان یان دامەزراوە حکومی و ناحکومییە بیانییەکان وەربگرێت یان گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆ بکات، یان بەبێ مۆڵەت گوتار و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ دەرەکییەکاندا بکات، رووبەڕووی شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ زیندانی دەبێتەوە."
پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی دزەکردن
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، پەرلەمانی ئێران چوارچێوەی گشتیی پرۆژەیاسایەکی نوێی بە ناوی "رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان، وڵاتان و دامەزراوە بیانییەکان" پەسند کرد. بەپێی پرۆژەیاساکە، چاوپێکەوتن یان ناردنی زانیاری بۆ ئەو میدیانەی تاران بە "دوژمنکار"یان دەناسێنێت، سزای تاوەکو دوو ساڵ زیندانیکردنی لەسەر دەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، وەزارەتی ئیتڵاعات و دامەزراوەی ئیتڵاعاتی (هەواڵگریی) سوپای پاسداران لایەنی جێبەجێکارن بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و رادەستکردنی بە دەسەڵاتی دادوەری.
بەپێی یاساکە، سزاکان بەم شێوەیە دەبن:
چاوپێکەوتن یان ناردنی وێنە، ڤیدیۆ و دەنگ بۆ میدیای ئەمریکی، ئیسرائیلی و ئەو دەزگایانەی پشتیوانیی داراییان لێ دەکرێت، رووبەڕووی سزای زیندانیکردنی پلە شەش (شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ) دەبنەوە؛ هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکانی دیکەش پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی وەزارەتی ئیتڵاعات هەیە.
هەر هونەرمەندێک فیلم، شانۆ یان کتێبێک بڵاوبکاتەوە کە بەگوێرەی یاساکە پەرە بە کولتووری دژەئیسلامی بدات یان وێنەیەکی خراپ لە وڵات نیشان بدات، بۆ هەمیشە لە کارکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەم بێبەش دەکرێت.
یاساکە سزای پێنج تاوەکو دە ساڵ زیندانیکردنی بۆ رێکخەرانی ئەو خول و وۆرکشۆپە راستەوخۆ یان ئۆنلاینانە دیاری کردووە کە ناوەڕۆکەکانیان لەگەڵ کولتووری ئێرانی ناگونجێت؛ هەروەها شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ زیندانیکردنیش بۆ بەشداربووانی ئەو خولانە دیاری کراوە.
یاساکە شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ زیندانی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی زانستی لەگەڵ زانکۆ، دامەزراوە و رێکخراوە دەرەکییەکان دیاری کردووە کە رەزامەندیی وەزارەتی ئیتڵاعاتی لەسەر نەبێت.



