رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران یاسایەکی نوێی بۆ "رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان، وڵاتان و دامەزراوە بیانییەکان" پەسند کرد. بەپێی یاساکە، پێشێلکردنی بڕگەکانی یاساکە هەر کەسێک بگرێتەوە، لە شەش مانگەوە تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێ. هەروەها ئەنجامدانی چاوپێکەوتن یان ناردنی زانیاری بۆ ئەو میدیانەی تاران بە "دووژمنکار"یان دەناسێنێت، سزای تاوەکو دوو ساڵ زیندانیکردنی لەسەر دەبێت.
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یاساکە لەژێر ناوی (رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان، وڵاتان و دامەزراوە بیانییەکان)ە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی 183 پەرلەمانتار پەسندکرا.
حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێرانیش گوتی: "لە بابەتی سیخوڕیدا یاسامان هەیە، بەڵام لە بواری دزەکردنی زانیارییدا بۆشاییەکی یاسایی هەبوو کە بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکە، ئەم پرۆژەیاسایە ئامادە کرا."
قەشقاوی گوتی: "ئەم پڕۆژەیاسایە بە ئامانجی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردن، پێشگیریکردن و رووبەڕووبوونەوەی دزەکردن ئامادە کرابوو."
بەپێی یاساکە، وەزارەتی ئیتڵاعات و دامەزراوەی ئیتڵاعاتی (هەواڵگریی) سوپای پاسداران لایەنی جێبەجێکارن بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و رادەستکردنی بە دەسەڵاتی دادوەری.
بەپێی یاساکە، سزاکان بەم شێوەیە دەبن:
-ئەنجامدانی چاوپێکەوتن یان ناردنی وێنە، ڤیدیۆ و دەنگ بۆ میدیا ئهمریکی، ئیسرائیلی و ئەو دەزگایانەی پشتیوانی داراییان لێ دەکرێ، رووبەڕووی سزای زیندانیکردنی پلە شەش (شەش مانگ تا دوو ساڵ) دەبنەوە؛ هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکانی دیکەش پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی وەزارەتی ئیتڵاعات هەیە.
- هەر هونەرمەندێک فیلم، شانۆ یان کتێبێک بڵاوبکاتەوە کە بەگوێرەی یاساکە پەرە بە کولتووری دژە ئیسلامی بدات یان وێنەیەکی خراپ لە وڵات نیشانبدات، بۆ هەمیشە لە کارکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەم بێبەش دەکرێ.
- یاساکە سزای پێنج تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ رێکخەرانی ئەو خول و وۆرکشۆپە راستەوخۆ یان ئۆنلاینانە دیاری کردووە کە نێوەڕۆکەکانیان لەگەڵ کولتووری ئێرانی ناگونجێ؛ هەروەها شەش مانگ تا دوو ساڵ زیندانیکردنیش بۆ بەشداربووانی ئەو خولانە دیاری کراوە.
- یاساکە شەش مانگ تا دوو ساڵ زیندانی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی زانستی لەگەڵ زانکۆ، دامەزراوە و رێکخراوە دەرەکییەکان دیاری کردووە کە رەزامەندیی وەزارەتی ئیتڵاعاتی لەسەر نەبێت.
پەرلەمانی ئێران لە 23ی حوزەیرانی 2025دا پرۆژەیاسای زیادکردنی سزای سیخوڕیکردن لەو وڵاتەی پەسند کرد؛ دواتر لە 13 تەممووزی 2025دا و دوای تانەکەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، پرۆژەیاساکەی هەموارکردەوە.
بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە سزای هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی "دووژمن"، جگە لە لەسێدارەدان، دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و موڵکێکیش دەگرێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

