رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، سزای لەسێدارەدانی کەسێکی دیکەی جێبەجێکردووە کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکەدا، بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕی"، "سیخوڕی" بۆ ئیسرائیل و شێلانی ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێل، دەستگیر کرابوو.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 16-08-2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لەسێدارەدانی بەندکراوێکی دیکەی بە ناوی (شەهرام سادقی) پشتڕاست کردەوە.
دەسەڵاتی دادی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکەی ئێران، هاووڵاتییەکە لە کەرەج، بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، خۆی بە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکاندا کێشاوە کە لە ئەنجامدا حەوتیان بە سەختی بریندار بوون.
دواتر لەلایەن دەسەڵاتی دادەوە، بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ مۆساد، "ئاژاوەگێڕی"، "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل"، سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی بۆ دەرچوو.
دوای پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای بەندکراوەکە جێبەجێکراوە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیان پێکرد، بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
