رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، بەتووندی وەڵامی لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە گوتبووی تەنگەی هورمز دەکاتە خاکی ئەمریکا. بەرپرسەکەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و هۆشداریشی دا کە تاران بەردەوام دەبێت لە راگرتنی هاتووچۆی کەشتییەکان لەو تەنگەیەدا.
کازم غەریبئابادی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دوای شکستپێهێنانی ئێران، "بەم زووانە" تەنگەی هورمز وەک خاکی ئەمریکا رادەگەیێنێت.
غەریبابادی لە وەڵامدا دەڵێت: "تەنگەی هورمز نە بە تویتێک داگیر دەکرێت، نە بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر، نە بە دەرکردنی فەرمانێک و نە بە گوتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردن. ئێران نە لە هەڕەشەکان دەترسێت و نە بە نمایشکردنی هێزیش دەترسێندرێت."
ئەو بەرپرسەی ئێران هەروەها دەڵێت: "با بۆ تاهەتایە ئەم راستییە قبووڵ بکەن: تاوەکو ئێستا شکستی گەورەی ستراتیژیتان خواردووە. تەنگەی هورمز ئێرانی بووە، ئێرانییە و بۆ هەمیشەش ئێرانی دەبێت. ئەم تەنگەیە تەنیا لەژێر فەرمانی ئێراندا دادەخرێت و دەکرێتەوە و تاوەکو ئێوە راستیی شکستەکانتان قبووڵ نەکەن و واز لە خەیاڵپڵاوی نەهێنن، ئێران بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی."
ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی ئێران، وەڵامێک بوو بۆ قسەکانی رۆژی هەینیی دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی نیویۆڕک. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی: "دوای ئەوەی شکست بە ئێران دەهێنین—کە ئێستا زۆر بەخراپی شکستیان هێناوە—لە داهاتوویەکی نزیکدا تەنگەی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رادەگەیەنم."
ئەم شەڕە قسەیەی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات لە کاتێکدایە، کە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهان، بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو کەمیکردووە؛ ئەویش بەهۆی کۆبوونەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بەو ناوەدا تێپەڕن.



