رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئێران بە سەلامەتی بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێناپەڕێت."
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز رایگەیاند: "ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی باس لە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەکەن، دەرخەری بێچارەیی و دەستەوەستانیی سوپای ئەمریکایە و جگە لە درۆ و قسەی هەڵبەستراو هیچی دیکە نییە."
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بە دەسەڵاتی وڵاتەکەی کرد بەسەر تەنگەی هورمزدا و گوتی: "وەک رابردوو لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئێمەدایە و هیچ کەشتییەکی بازرگانی و نەوتهەڵگر بەبێ مۆڵەت و چاودێریی هێزە چەکدارەکانمان توانای هاتووچۆی سەلامەتی بە تەنگەکەدا نەبووە و ناشبێت."
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا بە باشی هێز و خۆڕاگریی گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان تاقی کردووەتەوە. ئێستاش چاودێریی تەواوی جووڵەکانی دوژمن لە ناوچەکە دەکەین و لە بەدیهێنانی مافەکانی گەل، سەروەریی نیشتمانی و بەرگریکردن لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامیدا بچووکترین دوودڵیمان نەبووە و ناشبێت. وەڵامی هەر هەڕەشەیەک، لە هەر ئاستێکدا، تووندتر و گورچکبڕتر لە جاران دەدەینەوە."
قسەکانی ئیبراهیم زولفەقاری لە کاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێستا کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە. ئەوان (ئێران) هیچ کۆنترۆڵێکیان نییە. لە کاتێکدا لەوانەیە هەوڵێکی لاواز بدەن، بەڵام دواتر لەنێوببرێن."
بەر لە جەنگی 40 رۆژەش ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی دەکرد، بەڵام لە کاتی جەنگەکەدا مینڕێژی کرد و دایخست.
ئێستا ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی کەناراوی سەرقاڵی دانوستانن، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان دیاری بکەن. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تاران دەڵێن نزیکن لە رێککەوتن، تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتن یان رێککەوتنی ئەگەرییان بڵاو نەکراوەتەوە.



