رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانە ژینگەییەکانی ئاوەکانی کەنداو دەکات و دەڵێت: ''هەموو ئەو لایەنانەی لە کەشتیوانیی بازرگانی تەنگەی هورمز سوودمەندن، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی چاککردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییانەیان لەئەستۆیە.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-08-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە لە ئاوەکانی کەنداو بەهۆی هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە تەنگەی هورمزدا رایگەیاند: ''ئەو پیسبوونانە ژینگەی دەریایی ناوچەکەی تێکداوە و لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ترلیۆن دۆلاری بە ناوچە کەناراوییەکانی ئێران."
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئێران وەک خاوەنی درێژترین کەناراو لە کەنداو و دەریای عوممان، چاوپۆشی لەو دۆخە ناکات، ''هەموو ئەو لایەنانەی لە کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز سوودمەندن، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی چاککردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییانەیان لەئەستۆدایە کە بەر کەنداوی فارس و دەریای عوممان کەوتوون."
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی ژینگەی وڵاتەکە رایگەیاندووە، پیسبوونی ژینگە بەهۆی نەوتەوە لە بەشێک لە کەناراوەکانی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بینراوە و ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێت.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی تێکەڵبوونی نەوت و ئاو، پیسبوونە ژینگەییەکە لە شەش خاڵی کەناراوەکانی قیشم روویداوە.



