رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران زنجیرەیەک گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکانی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدا کرد، فەرماندەی نوێی بۆ چەندین دامەزراوەی هەستیاری سەربازی دیاری کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئابی 2026 میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، موجتەبا خامنەیی فەرمانی بۆ گۆڕینی چەندین پۆستی سەربازی دەرکردووە.
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای خاتموئەلئەنبیا کرایە سوپاسالاری ئێران. ئەمەش دوای ئەوەی رەحیم موسەوی، سوپا سالاری ئێران رۆژی 28ی شوباتی 2026 لە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران کوژرا.
کیومەرس حەیدەری، وەک جێگری سوپا سالاری ئێران دیاری کرا. هەروەها موستەفا ئیزەدی، وەک جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران دیاری کرا.
پێشتر ئەحمەد وەحیدی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بوو، پاش کوژرانی محەممەد پاکبوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە 1ی ئاداری 2026 ئەحمەد وەحیدی لەلایەن لیژنەی بەڕیوەبردنی وڵات کرایە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران.
ئەحمەد وەحیدی، بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی بە فەرمی وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دیاری کرا.
عەلی عوزمایی، وەک فەرماندەی گشتی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دیاری کرا. پێشتر عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی گشتی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بوو کە رۆژی 30ی ئاداری 2026 سوپای پاسداران رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراوە.
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا حوسێن تائب، وەک سەرۆکی رێکخراوی بەسیج دیاری کراوە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردە ئامانج و جەنگەکە 40 رۆژ درێژەی کێشا. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران.
.jpg&w=3840&q=75)



