رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، رێککەوتنی مەککە نیشانەی گۆڕانکارییە لە تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆیان لەگەڵ واشنتن نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیام هەیە.
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران سەبارەت بە رێککەوتنی مەککە لەنێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستاندا گوتی: "رێککەوتنی مەککە نیشاندەری گۆڕانکارییە لە تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە و دەریدەخات کە وڵاتانی ناوچەکە تێگەیشتوون لەوەی ناتوانن پشت بە بانگەشەی ئەمریکا بۆ دابینکردنی ئاسایش ببەستن."
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی لەوەی رێککەوتنی مەککە دژی ئێران بێت.
بەقایی گوتی: "وڵاتانی دراوسێ نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێران"؛ لەبارەی تەنگەی هورمزیش رایگەیاند، تاوەکو گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەردەوام بێت، ناتوانرێت بگوترێت تەنگەی هورمز "دەبێتە رێڕەوێکی ئاویی ئارام."
دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا
سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن، بەقایی رایگەیاند: "هیچ جۆرە دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیاممان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئێستا سەرنجمان لەسەر دانوستاندنەکانە لەگەڵ عومان سەبارەت بە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، نەوەک دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تاران بۆ داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکان و راوێژەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.
بەقایی گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سنوورەکانی نێوان هەردوولا بە ئارامی بمێننەوە.
بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز و پاککردنەوەی مینەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر توانای ئێران بۆ چاودێریکردنی کەشتیوانی لە ئەگەری لانەبردنی مینەکان لە تەنگەی هورمز، بەقایی گوتی: "لە بڕگەی پێنجەمی ئەو یاداشت و لێکتێگەیشتنەی ئەمریکا پێشێلی کردن، زۆر بە روونی رۆڵی ئێران دیاریکرابوو. بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز و دابینکردنی ئاسایش لە ئەستۆی ئێران بوو، کە رێکاری پێویست بۆ پاراستن و لابردنی مینەکانیشی لەخۆدەگرت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکای بە بەرپرسیاری ئاڵۆزییەکان و دۆخی تەنگەی هورمز ناوبرد و رایگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانەوەی ئاگری جەنگ لە 17ـی تەممووزدا هەر ئەم بەڵێنشکێنییەی ئەمریکا و سووربوونی بوو لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی نائارام کە پێشێلکارییەکی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بوو. ئەوان بە کوژاندنەوەی ئامێری رێدۆزەرەوە، دەستیان کرد بە تێپەڕاندنی کەشتییە بازرگانییەکان و هەندێکجار کەشتییە سەربازییەکان بە رێڕەوی باشووردا و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زنجیرەیەک رووداو رووبدەن و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن."
بەقایی گوتی: "تا ئەو کاتەی ئەمریکا کردەوە تێکدەرانەکانی رانەگرێت و قەرەبوو نەکاتەوە؛ هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی تەنگەی هورمز روونادات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "لەو رۆژەوەی جیهان دروستبوو، تاوەکو 28ـی شوباتی 2026 تەنگەی هورمز کراوە بوو، هەربۆیە دەبێت ئەمریکا خۆی بە بەرپرسیاری داخستنی تەنگەکە بزانێت. ئەوەی ئێستا هەیە کێشەیەکە ئەمریکا دروستی کردووە."



