رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێیوایە، تەنگەی هورمز لە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی گرنگترە و دەڵێت، هەر گوتەیەک سەروەریی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمز پێشێل بکات، لای ئێران قبووڵکراو نابێت. هاوکات هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە: "هەر وڵاتێک لە هێرشکردنە سەر ئێراندا هاوکاریی ئەمریکا بکات، بە مووشەک دەکرێتە ئامانج."
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، حەمیدڕەزا حاجیبابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا کە بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "هەر وڵاتێک بیەوێت بۆ هێرشکردنەسەر ئێران هاوکاریی ئەمریکا بکات، دەبێتە ئامانجی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی."
حەمیدڕەزا حاجیبابایی گوتی: "هێزە چەکدارەکانمان رێگە بە خراپ کەڵکوەرگرتن لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نادەن و بەرگری لە مافی ئێران دەکەن؛ چونکە ئێستا ئێمە لە جەنگداین لەگەڵ ئەمریکا و، گەلیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەم جەنگە راگەیاندووە و پاشەکشە لە مافەکانی خۆی ناکات".
حاجیبابایی سەبارەت بە "هاوپەیمانیی مەککە" کە لە نێوان (تورکیا، سعودیە و پاکستان)دا واژۆ کراوە، رایگەیاند: "ئەگەر هاوپەیمانییە ناوچەیییەکان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دا بن، ئەوا جەماوەری و گشتگیر دەبن؛ بەڵام هەر هاوپەیمانییەک لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا بێت، جگە لە خۆشکردنی ئاگری جەنگ، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت."
جیگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر تاران دەگرێت و دەڵێت: "ئەمریکا سەلماندوویەتی کە لە هیچ مژارێکدا راستگۆ نییە. ئێستاش هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا لەئارادا نییە. ئەگەر گفتوگۆیەکیش لەنێوان ئێمە و عوماندا دەکرێت، نابێ بە دەستێوەردانی ئەمریکا بێت. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکایەکدا کە وەفا بە هیچ کام لە بەڵێنەکانی ناکات، دەبێ بە وریایی، وردبینی و سەرنجەوە بێت، بە جۆرێک کە گەرەنتیی مافەکانی گەلی مەزنی ئێران بکات. پەیامەکەی رێبەریش، هێڵی گشتیی ستراتیژی ئێمەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیدا."
حەمیدڕەزا حاجیبابایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی تەنگەی هورمز کرد و گوتی: "تەنگەی هورمز ئەمڕۆ لەوانەیە بەهۆی چەندین هۆکاری لە بابەتی ئەتۆمیش گرنگتر بێت." گوتیشی: "سەروەری و بەڕێوەبردنی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا بڕاوەتەوە و، هەر گەڵاڵە و گوتەیەک کە سەروەری و بەڕێوەبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنگەکەدا پێشێل بکات، لای تاران پەسند نییە."
بە گوتەی حاجیبابایی، پەرلەمانی ئێران خەریکی بەدواداچوون و پەسندکردنی یاسایەکە بتوانێت مافی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەر تەنگەی هورمزدا بە روونی بچەسپێنێت.



