رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئامارێکی نوێی دادپزیشکیی ئێران، لە جەنگی 40 رۆژەدا و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سێ هەزار و 519 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، عەباس مەسجدی ئارانی، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند، "لە جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، سێ هەزار و 519 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ئامارەکە تەنیا تایبەتە بە کەسانی سڤیل یان سەربازیش دەگرێتەوە.
عەباس مەسجدی ئارانی ئاماژەی بەوە کرد، "سێ هەزار و دوو کەس لە کوژراوان پیاو و 517 کەسی دیکەیان ژن بوون. هەروەها 270 کەسیان قوتابی و 38 کەسیشیان تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوە بوون."
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێران، هیچ ئامارێکی لەبارەی ژمارەی بریندارانی جەنگ بڵاونەکردەوە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکرد کە 40 رۆژ بەردەوام بوو و رۆژی 8ی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا. دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان، لە 18ی حوزەیرانی 2026 یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتن واژۆ کرا کە لە 14 مادە پێکدێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی هەردوو لا، لێکتێگەیشتنەکە هەرەسی هێنا و لە 12ی تەممووزەوە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد کە 13 رۆژ بەردەوام بوو.
لە 24ی تەممووزەوە ئەمریکا هێرشەکانی راگرتووە و رایگەیاندووە، لەسەر داوای نێوەندگیرەکان چانسێکی دیکە دەداتە دانوستاندنەکان.
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێران، هیچ ئامارێکی لەبارەی ژمارەی قوربانیانی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بڵاونەکردەوە، بەڵام رۆژی 27ی تەممووز، موزەفەر زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا 60 کەس کوژراون و 670 کەسی دیکەش بریندار بوون.



