رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی ئابی 2025 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بە رەزامەندیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئەو وڵاتە، موحسین رەزایی بە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیاری کرا.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، دەستنیشانکردنی موحسین رەزایی دوای ئەوە دێت کە محەممەدباقر زولقەدر، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە راگەیاند.
مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانیش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەدباقر زولقەدر لە سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی نوێ، بە فەرمانی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، موحسین رەزایی وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا."
نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەمشەو بڵاویکردەوە، بە بڕیاری موجتەبا خامنەیی، موحسین رەزایی وەکو نوێنەری رێبەر لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا.
لە پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دا هاتووە: "بەرەچاوکردنی ئەزموونە بەنرخەکانتان، بەم پێیە جەنابتان کە لە پێشەنگەکانی سەردەمی پڕ لە شانازیی هەشت ساڵی بەرگریی پیرۆزن، وەک نوێنەری خۆم لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا دەستنیشان دەکەم. هیوادارم لە راپەڕاندنی ئەم بەرپرسیارێتییە گرنگەدا، سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنن."
لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بە بڕیاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەدباقر زولقەدر، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئەو وڵاتە وەکو راوێژکاری سیاسیی رێبەر دەستنیشان کراوە.
لە 24ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر زولقەدر، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، بە رەزامەندیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە شوێنی عەلی لاریجانی دیاریکرابوو کە لە هێرشێکدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران کوژرابوو.
عەلی لاریجانی، لە 5ی ئابی 2025 وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرابوو، بەڵام بەرەبەیانی 17ی ئاداری 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران کوژرا.
لە 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
پێگەی ئەنجوومەنەکە و چۆنیەتی دانانی سکرتێری ئەنجوومەن لە دەستووری ئێراندا
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆککۆمار دادەمەزرێت. بەپێی مادەی 176ی دەستوووری ئێران، سەرۆککۆمار سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات و بەرپرسیارێتیی دیاریکردنی سکرتێری ئەنجوومەنی لە ئەستۆی ئەودایە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی دامەزراندن و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی تەواوی جێبەجێکردن لەلایەن سکرتێرەوە، دوو قۆناغ یان تایبەتمەندیی یاسایی و نەریتیی گرنگی هەیە.
ئەرکی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بریتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی سکرتاریەتەکە، سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی دروستی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و هاوئاهەنگیکردن لە نێوان دامەزراوە بەرگریی، هەواڵگری و سیاسییەکاندا.
بەپێی دەستوور، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە تەنیا خۆی وەک ئەندامی سەرەکیی ئەنجوومەنەکە دانانرێت و مافی دەنگدانی نییە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی جێگیر لە ئێراندا، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە هەمان کاتدا ئەو کەسەی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە هەڵبژێردراوە، وەک یەکێک لە دوو "نوێنەری رێبەر لە ئەنجوومەنەکەدا" دادەمەزرێنێت. بەم فەرمانە، سکرتێری ئەنجوومەنەکە بە فەرمی مافی دەنگدانی پێدەدرێت و پێگەی یاساییەکەی جێگیر دەبێت.



