رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و "تاوتوێ بارودۆخی جەنگ و کێشە ئابوورییەکانیان کرد."
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، نووسینگەی موجتەبا خامنەیی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دیدارەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی سێیەم ساڵی سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان بووە، بەڵام ئاماژە بە رۆژ و کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە نەکردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا بە تێر و تەسەلی باسی کێشە و گرفتەکانی ئێرانیان کردووە، بەتایبەت دابینکردنی بژێویی ژیانی خەڵک، چارەسەرەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی ریاڵ، دراوی بیانی و وزە و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان."
نووسینگەی رێبەری ئێران جەختیشی کردووەتەوە لە دیدارەکەدا "بارودۆخی ئێستای جەنگی سەپێندراوی سێیەم، ئاسۆی داهاتوو و گۆڕانکارییەکانی بواری سەربازی" تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هیچ وێنە، دەنگ یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەت بە دیدارەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمە دووەم دیداری فەرمیی نێوان پزیشکیان و موجتەبا خامنەییە لە دوای هەڵبژاردنی وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پێشتر لە 7ی گوڵانی 2026، پزیشکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕەکانی تاران ئاماژەی بە دیدارێکی دوو کاژێر و نیوی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کردبوو و بەوە وەسفی کردبوو کە کەسێکی "سادە و دۆستانەیە" و دەکرێت ببێتە "نموونە بۆ سیستمی کارگێڕی و بەڕێوەبردن" لە وڵاتدا.
سەرۆککۆماری ئێران لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا گێڕانەوەی دژبەیەکی لەسەر ئاستی دەستڕاگەیشتنی بە موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خستووەتەڕوو؛ پزیشکیان لە کۆتایی مانگی تەممووزدا رایگەیاندبوو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێبەر "رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت"، بەڵام هەفتەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا کە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە پەیوەندیکردن لەگەڵ خامنەیی "زۆر دژوار و سەختە."



