رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، بۆ دابینکردنی پێداویستیی کۆمپانیا پترۆکیمیاییەکان، کارەبا لە تورکیا هاوردە دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە نزیکەی 500 مێگاوات کارەباش لە تورکمانستان و ئەرمینیاوە هاوردە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 09-08-2026، مستەفا رەجەبی مەشهەدی، جێگری وەزیری وزەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "بڕیارە بۆ دابینکردنی پێداویستیی کۆمپانیاکانی پێترۆکیمیایی، 450 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە هاوردە بکەین''.
بەگوتەی مستەفا رەجەبی مەشهەدی، هەموو هاوئاهەنگییەک بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە کراوە و تورکیاش ئامادەیی خۆی بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ ئێران دەربڕیوە.
جێگری وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بە کورتهێنانی کارەبای وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ساڵانە نزیکەی 500 مێگاوات کارەباش لە تورکمانستان و ئەرمینیاوە هاوردە دەکرێ."
تۆڕی کارەبای ئێران یەکێکە لە فراوانترین تۆڕەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تاوەکو بەر لە جەنگی 40 رۆژە، توانای دامەزراوی ئێران بەرهەمهێنانی 98,802 مێگاوات بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە ئەو توانایە دابەزیوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خشتەی بڕینی کارەبا دانراوە و بەهۆی کورتهێنان، رۆژانە لانیکەم دوو بۆ پێنج کاژێر کارەبا لەسەر هاوبەشان دەبڕدرێت.



.webp&w=3840&q=75)