رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە چەکدارە حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، دامەزراوەیەکی نەوتیی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆیان لەسەر کەناراوەکانی رۆژئاوای سعودیە لەسەر دەریای سوور، کردووەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، هێزەکانیان "توانیویانە بە درۆن پاڵاوگەی ئارامکۆ لە جازان بکەنە ئامانج و پێکانی ئامانجەکەش زۆر ورد بووە."
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشە "لە وەڵامی بەزاندنی ئاسمانی هەردوو پارێزگای سەعدە و حەججە لە باکووری رۆژئاوای یەمەن لەلایەن درۆنەکانی سعودییەوە" کراوە.
ئاگربەستی ساڵی 2022ـی جەنگی نێوخۆیی یەمەن، کە سعودیە زیاتر لە دە ساڵە تێیدا بەشدارە، لە مانگی رابردووەوە کەوتووەتە ژێر پرسیار؛ چونکە حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر ریاز راگەیاندووە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیەیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
هەڕەشەی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، هاوکاتە لەگەڵ گەمارۆدانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ململانێی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پێشتر، وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاندبوو کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرێکیان لە پاڵاوگەی جیزان کۆنترۆڵ کردووە، بەبێ ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا بکەن. ئەم دامەزراوەیە لە مانگی تەممووزی رابردووشدا لەلایەن حوسییەکانەوە کرابووە ئامانج.
وەزارەتی وزەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سەر بە ئاسایشی پیشەسازیی ئارامکۆ، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ئاگرێکیان لە یەکێک لە دامەزراوەکانی پاڵاوگەی جیزان کوژاندەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بریندار بێت."
ئەم هێرشەی دواییی حووسییەکان بۆ سەر پاڵاوگەی جیزانی سعودیە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوخۆی یەمەن و بەتایبەت لە پارێزگای ستراتیژیی مەئریب بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، پارێزگای مەئریبی دەوڵەمەند بە نەوت بووەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان کە بەهۆیەوە دەیان سەربازی سەر بە حکومەت و هاووڵاتییانی سڤیل کوژراون.
حووسییەکان هەوڵەکانیان بۆ گرتنی ئەم ناوچە ستراتیژییە چڕکردووەتەوە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی عەرەبی بە رێبەرایەتی ریاز هۆشداری داوە کە دەستبەسەرداگرتنی مەئریب "هێڵی سوورە" و رێگە بە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز نادەن.

.jpg&w=3840&q=75)

