رووداو دیجیتاڵ ئیسرائیل بۆ یەکەمین جار لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا، کوژرانی دوو سەربازی لە باشووری لوبنان راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی سەرەڕای بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی رۆما بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هێرشی نوێی کردە سەر ئەو ناوچەیە. رۆژی پێنجشەممە 06-08-2026 سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو دوو سەربازە یەدەگەی ئاشکرا کرد کە رۆژی چوارشەممە لە شەڕدا کوژران، ئەوانیش هارێل بێرێنستۆک (34 ساڵ) و تامر ڤاکنین (33 ساڵ) بوون لە کەتیبەی 2855ـی لیوای 55. ئەوە یەکەمین زیانی گیانیی سەربازیی ئیسرائیلە لە باشووری لوبنان لەدوای 28ـی حوزەیرانەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل و یەکەمین هۆشداریی چۆڵکردن لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، لە کاتێکدان کە ئەمریکا سەرکردایەتیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات لە رۆما بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەیرووتیش خوازیاری کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیلە لە باشووری وڵاتەکەی. سوپای ئیسرائیل دوای ئەوەی داوای لە دانیشتووانی شارۆچکەی مەنسووری لە باشووری لوبنان کرد ناوچەکەیان چۆڵ بکەن، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە وەڵامی پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئاگربەست لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵاوە، سوپا دەستی بە هێرشی ورد کردووە لە باشووری لوبنان." شارۆچکەی مەنسووری، کە نزیکەی 9 کیلۆمەتر لە باشووری سوور و 10 کیلۆمەتر لە باکووری ئیسرائیلەوە دوورە، سەرەڕای ئاگربەستەکەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانەوە، لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و بۆردوومانی ئیسرائیل بووەتەوە. شارەوانیی شارۆچکەکە لە 22ـی حوزەیران بە دانیشتووانی راگەیاندبوو دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام داوای لێکردن خۆیان بەدوور بگرن لەو بەشەی شارۆچکەکە کە دەکەوێتە نێو ئەوەی ئیسرائیل بە "ناوچەی ئارام" لە باشووری لوبنان وەسفی دەکات، کە قووڵاییەکەی 10 کیلۆمەترە. لە لایەکی دیکەوە، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی جیادا کەسێک کوژراوە و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوەیەک لە نێو دانوستاندنەکانی رۆما رایگەیاند، ئیسرائیل داوای کردووە گفتوگۆکانی ئەو رۆژە لەگەڵ لوبنان سێ کاژێر زووتر کۆتاییان بێت، بەهۆی ئەوەی یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئەمریکا و سەرۆکی شاندی ئیسرائیل، لایەنی لوبنانیی بە "دزەپێکردنی زانیاریی چەواشەکارانە" تۆمەتبار کردووە. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆکان بۆ سێیەمین و دوایین رۆژ دەستپێبکەنەوە. لە گفتوگۆکانی پێشوودا کە لە مانگی حوزەیران بە چاودێریی ئەمریکا بەڕێوەچوون، ئیسرائیل و لوبنان لەسەر چوارچێوەیەک رێککەوتن کە چەککردنی حیزبوڵڵا، کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچەکە لەخۆدەگرێت، کە لە ناوچە تاقیکارییەکانەوە [ئەزموونی] دەستپێدەکات. دانوستاندنەکانی ئەم هەفتەیە، حەوتەمین خولی گفتوگۆکانە لەوکاتەوەی حیزبوڵڵا لە مانگی ئاداردا لوبنانی پەلکێشی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، کاتێک وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران، بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانیی تووند و ئۆپەراسیۆنی زەوینی وەڵامی دایەوە، کە بەگوتەی لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4,300 کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، زیاتر لە 800 هەزار کەس کە بەهۆی شەڕەکانی پێشووی لوبنانەوە ئاوارە ببوون، دوای کەمبوونەوەی گرژییەکان لەم دواییانەدا دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان کردووە، هەرچەندە هێشتا زیاتر لە 360 هەزار کەس ئاوارەن. لە کاتێکدا شاندەکان لە رۆما کۆبوونەوە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، کە پاڵپشتیکاری سەرەکیی حیزبوڵڵایە، گفتوگۆی کرد و داوای لە تاران کرد ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو گرووپە رابگرێت. تایانی پێش هێرشەکانی ئیسرائیل هیوای خواست گفتوگۆکان "ئەنجامی بەرجەستەیان" لێ بکەوێتەوە. نەعیم قاسم، رێبەری حیزبوڵڵا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دانوستاندنە راستەوخۆکان "هیچی لێ سەوز نابێت جگە لە شەرمەزاری و سووکایەتی" و سازشی بەردەوام بۆ لوبنان. حیزبوڵڵا چەندین جار دانوستاندنە راستەوخۆکانی رەتکردووەتەوە و ئامادە نییە چەکەکانی رادەست بکات. لەدوای رێککەوتنی لوبنان-ئیسرائیل و واژۆکردنی رێککەوتنە بەراییەکەی ئەمریکا-ئێران لە مانگی حوزەیراندا لەبارەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تووندوتیژییەکان لە لوبنان کەمبوونەتەوە. بەڵام هێشتا لوبنان ناوبەناو باس لە هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل و تەقاندنەوە و وێرانکردنی گوندەکانی باشوور دەکات. لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، سوپای ئیسرائیل 38 سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیلی لەدەستداوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست06-08-2026دزەکردنی نەوت لە کەشتییەکەوە لە کەناراوەکانی عومان مەترسیی کارەساتێکی ژینگەیی دروستکردووە