رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە فەرماندەیی ناوەندی (AFCENT)، گۆڕانکارییان لە لووتکەی هەرەمی فەرماندەیی خۆیاندا کرد و جەنەڕاڵێکی نوێ ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرگرت.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئاب، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "لە بنکەی ئاسمانیی (شۆو) لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا، رێوڕەسمی گۆڕینی فەرماندەیی (AFCENT) بەڕێوەچوو، فەرماندەییەکە لە جەنەڕاڵ دێریک فرانسەوە بۆ جەنەڕاڵ دانیێل لاسیکا گواسترایەوە. ئەم رێوڕەسمە لەلایەن جەنەڕاڵ ئەدریان سپەین، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی جەنگی ئەمریکا سەرپەرشتیدەکرا."
جەنەڕاڵ سپەین لە گوتارێکدا ستایشی ئەم فەرماندەییەی کرد و گوتی، "لە ساڵی 1979ـەوە کاتێک ئەم فەرماندەییە ئەرکی هێزی کاردانەوەی خێرای گرتە ئەستۆ، ئێوە پێناسەی لێهاتوویی بوون لە جەنگدا. ئەم فەرماندەییە وەک پاسەوانی نیشتمانەکەمان وەستاوە." هەروەها پاتریک فرانک، جێگری فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکرد، جەنەڕاڵ فرانس لە دوو ساڵی رابردوودا جەنگاوەرێکی لێهاتوو بووە و بەشدارییەکی بێوێنەی لە تیپی سێنتکۆمدا کردووە.
دانیێل لاسیکا، فەرماندەی نوێی هێزە ئاسمانییەکانی سێنتکۆم، پێشتر وەک بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە فەرماندەیی ئەوروپای ئەمریکا لە ئەڵمانیا کاریکردووە.
لاسیکا لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا جەختی لە بەردەوامیی ئەرکەکانیان کردەوە و گوتی، "ئەم تیمە لەلایەن جەنگاوەران و سەرکردەگەلێکەوە بەڕێوەبراوە کە رووحیەتێکی بەرزیان هەبووە. ئێمە بەردەوامدەبین لە مێژووی ئازایەتیمان و بە تووندی سەرنجدەخەینە سەر بەرگری، تێکشکاندن، گەشەپێدان و بردنەوە."
هێزە ئاسمانییەکانی ناوەندیی ئەمریکا (AFCENT) وەک پێکهاتەی ئاسمانیی سێنتکۆم، بەرپرسیارە لە هەموو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان، هاوبەشییە سەربازییەکان و ئامادەیی هێزەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە جەنەڕاڵ فرانس دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی، بڕیارە خانەنشینببێت.



