تەنیا ئەحمەد رووداو - هەولێر حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودیە لە کەناراوەکانی یەنبوع لە دەریای سوور، ئەمەش لە کاتێکدایە لەو گەمارۆ دەریاییەی بۆ سەر شانشینەکە رایانگەیاندووە، بەردەوامن. رۆژی چوارشەممە 05-08-2026 گوتەبێژێکی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە 22ـی تەممووزەوە، ئەمە هەشتەمین کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیەیە بکرێتە ئامانج. یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی: "بە سەرکەوتوویی کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیی 'وەفا'ـمان لە باکووری دەریای سوور، لە کەناراوەکانی یەنبوع، بە چەندین مووشەکی بالیستی کردە ئامانج." حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشەکانیان لە باکووری دەریای سوور چڕتر دەکەنەوە، چونکە سعودیە لە وەڵامی گەمارۆکەیاندا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە باشوورەوە بەرەو ئەو ناوچەیە ئاراستە دەکات. گەمارۆکە هەڕەشەی لە توانای سعودیە کردووە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە، بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بە بازاڕەکانی جیهان. ئەمەش دوای ئەوە دێت ئێران بە هەمان شێوە تەنگەی هورمزی گەمارۆ داوە و تاکە رێڕۆی دەریایی دیکەی شانشینەکەی داخستووە. سەریع ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆی گرووپەکەیان وای لە سعودیە کردووە "کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی بەرەو باکووری دەریای سوور ئاراستە بکات." هەروەها گوتیشی، بۆیە ئێستا گرووپەکە "ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیە لە باکووری دەریای سوور چڕتر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم دەروازەکان دابخات و رێگری لە تێپەڕبوونیان بکات." بە داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بەندەری یەنبوعی سعودیە لەسەر دەریای سوور بووەتە دەروازەی سەرەکی بۆ نەوتی سعودیە، بەمەش تەنگەی بابولمەندەب بووەتە رێڕۆیەکی یەکجار گرنگ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو. ئەو رێڕۆ ئاوییە تەسکە، دەریای سوور بە زەریای هیندی و لە رێگەی نۆکەندی سوێسیشەوە بە دەریای نێوەڕاست دەبەستێتەوە. بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی چاودێریی کەشتیوانی (Kpler)، هەناردەی نەوتی خاوی سعودیە لە رێگەی دەریاییەوە بەنێو تەنگەی بابولمەندەبدا لە نێوان مانگی ئادار و ناوەڕاستی تەممووزی 2026 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 هەشت هێندە زیادی کردووە. لە مانگی حوزەیراندا ئەو بڕە بۆ نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا تەنیا 7 ملیۆن بەرمیل بووە. بەپێی داتاکانی کپلەر، لە مانگەکانی نیسان و ئایاریشدا، تەواوی هەناردەی نەوتی خاوی سعودیە لە رێگەی دەریاییەوە لە بەندەری یەنبوعەوە دەرچووە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست05-08-2026ترەمپ: تەنگەی هورمز بەم زووانە دەکرێتەوە؛ ئەگەرنا گورزێکی تووند لە ئێران دەدەین