رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کە تەنگەی هورمز زۆر بە زوویی بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە؛ هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەوە روونەدات، ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی لێدانێکی سەربازیی یەکجار بەهێز دەبێتەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوس، ئاشکرای کرد، کە واشنتن خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ ئەنجامدانی "گەورەترین هێرش بۆ سەر ئێران لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە"، بەڵام وەک ترەمپ دەڵێت: "ئێرانییەکان خۆیان داوای ئەنجامدانی گفتوگۆیان کرد." دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا گفتوگۆی "زۆر باش" لە نێوان هەردوولادا لە ئارادایە و هیواشی خواست کە دۆخەکە نەگاتە ئاستێک کە واشنتن ناچار بێت گورزێکی توند لە تاران بوەشێنێت. ترەمپ جەختی کردەوە: "ئێران دەزانێت ئەگەر لەم قۆناخەدا پاشەکشە بکات، گورزێکی یەکجار بەهێزی بەردەکەوێت؛ ئەوان خۆشیان بە باشی درک بەو راستییە دەکەن." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، تاران لەم ساتەدا زۆر بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام لە رووی میدیاییەوە نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە خەریکی دانوستاندنن لەگەڵ ئەمریکا. مەترسیی چەکی ئەتۆمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، تەواوی جیهان دەگۆڕێت و دەبێتە شوێنێکی جیاواز." ترەمپ هۆشداریشی دا کە ئەگەر لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەوا بارودۆخەکە بۆ ئێران "زۆر خراپ" دەبێت. ئەم لێدوانە توندانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە وڵاتانی نێوەندگیر وەک پاکستان و قەتەر هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رزگارکردنی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" و رێگریکردن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی سەرتاسەری کە هەڕەشە لە شاڕێیەکانی وزەی جیهان دەکات.