رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، تاوەکو ئێستا رێکاری تووندیان بەرامبەر 49 کەشتیی بازرگانی گرتووەتەبەر کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم کە رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کەشتیی هێرشبەری یو ئێس ئێس بۆکسەر 4 لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراوە و لە رێگەی سەنتەری زانیارییەکانی جەنگەوە بە وردی چاودێریی جووڵەی کەشتییەکان دەکات. ئەم کەشتییە جەنگییە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئامارە نوێیەکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، تاوەکو رۆژی 4ی ئابی 2026، هێزەکانیان رێڕەوی 45 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە؛ هەروەها هێزەکانی ئەمریکا دوو کەشتییان بە تەواوی پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی پشکنین.
ئەم رێکارە تووندانەی واشنتن و جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکانی وەک بۆکسەر لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن و هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێ گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت.
لە 13ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی تووندی دەریایی خستەوە سەر ئێران، ئەوەش دوای شکستی هەوڵی رێککەوتنیان.


.jpg&w=3840&q=75)
