رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستیپێکرد. ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدان کە بەیرووت هەوڵ دەدات خشتەی کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەکە جێگیر بکات.
گەڕی حەوتەمی دانوستانەکان لە رۆما
ئەمڕۆ شاندەکانی هەردوو وڵات گەیشتنە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رۆما و بڕیارە گفتوگۆکان تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بن.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندە بە پشتیوانیکردنی هەردوو حکومەت بۆ گەیشتن بە ئاسایشێکی بەردەوام، نەهێشتنی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆسەر ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان بۆ تەواوی ناوچەکانی باشووری."
ئەمە گەڕی حەوتەمی دانوستاندنەکانە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی مانگی ئادار، کاتێک حیزبوڵـڵا بۆ پشتگیریکردنی ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا سوپای ئیسرائیل هێرشی زەوینی بۆسەر لوبنان دەستپێکرد، کە بەپێی ئامارەکانی بەیرووت زیاتر لە چوار هەزار و 300 کەس تێیدا کوژراون.
ستراتیژی ناوچە ئەزموونییەکان
لە دانوستانەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە واشنتن، هەردوولا لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنێک کۆک بوون کە چەکداماڵینی حیزبوڵـڵا، کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی ئیسرائیل و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشوور دەگرێتەوە. ئەم پڕۆسەیە لە رێگەی "ناوچە ئەزموونییەکان" جێبەجێ دەکرێ.
مانگی رابردوو وەک یەکەم هەنگاو، سوپای ئیسرائیل لە دەوروبەری گوندی زەوتەر ئەلغەربییە کشایەوە و سوپای لوبنان لەوێ جێگیر بوو. نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان دوێنێ رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵ بۆ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی ئیسرائیل دەدات تاوەکو دەگەنە کشانەوەی تەواوەتی.
حیزبوڵـڵا و دابەشبوونی نێوخۆیی
سەرەڕای پێشکەوتنە دیپلۆماسییەکان، حیزبوڵـڵا بە تووندی دژی دانوستانەکانە. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵـڵا، رۆژی سێشەممە لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "ئەم دانوستاندنە راستەوخۆیانە جگە لە شەرمەزاری و سووکایەتی و سازشی یەک لە دوای یەک، هیچی دیکەیان بۆ لوبنان تێدا نییە."
نەعیم قاسم هێرشی تووندی کردە سەر جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان و تۆمەتباری کرد بەوەی "لایەنگرە" و ناتوانێت رۆڵی کۆکەرەوە و یەکخەرەوی لوبنانییەکان ببینێت.
ئاستەنگەکان و هۆشدارییە ئەمنییەکان
میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان، هۆشداریدا لە "پەلەکردن" لە پڕۆسەکە و رایگەیاند: "رۆیشتن بە خێراییەکی زۆر، مەترسی دەخاتە سەر ئەو مەدەنییانەی کە بڕیارە رێککەوتنەکە بیانپارێزێ. پێویستە هەردوولا لەسەر رێکارێکی روون و کردەیی رێکبکەون پێش ئەوەی هەنگاوی دیکە بنێن."
گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ لوبنان، پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵـڵایە کە تاوەکو ئێستا رەتی دەکاتەوە چەکەکەی رادەست بکات. هەرچەندە لە دوای رێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە حوزەیرانی رابردوو، ئاستی تووندوتیژییەکان لە لوبنان کەمی کردووە، بەڵام هێشتا هێرش و تۆپبارانی ناوبەناوی ئیسرائیل و تەقینەوە لە گوندەکانی باشوور بەردەوامن.


.jpg&w=3840&q=75)
