رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر خەڕازی، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای ئێران دەڵێ، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەگەر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە بکات، پەسندی دەکات. خەڕازی گوتی، موجتەبا خامنەیی بەنیازە گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دا بکات.
محەممەد باقر خەڕازی، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای ئێران کە برای هاوژینی مەسعود خامنەیییە (کوڕێکی دیکەی عەلی خامنەیی)، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە، روونی نەکردەوە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران کەی و روو لە کێ بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا ئەم هۆشدارییەی داوە.
خەڕازی بە ئاماژەدان بەوەی کە مەسعود پزیشکیان تائێستا 28 جار دەستی لەکار کێشاوەتەوە یان هەڕەشەی وازهێنانی لە پۆستەکەی کردووە، گوتی: "رێبەری شۆڕش (موجتەبا خامنەیی) نووسیویەتی ئەگەر پزیشکیان جارێکی دیکە دەست لەکار بکێشێتەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ دەکەین. هەر بەو هۆیەشەوە بێدەنگ بوون و چیدیکە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان نەکردووە."
بڵاوبوونەوەی قسەکانی محەممەدباقر خەرازی، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای ئێران لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران کورتەڤیدیۆیەکی چاوپێکەوتنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە کە تێیدا پزیشکیان دەڵێت، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئەو و موجتەبا خامنەیی. پزیشکیان دەڵێت: "ئەوانە دەیانەوێت ناکۆکییەک دروست بکەن، کە رێبەر شتێک دەڵێت و ئەمانە شتێکی دیکە دەڵێن."
سەبارەت بە دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی، پزیشکیان گوتی: "ئەگەر دەستلەکاربکێشمەوە، بە فەرمی رایدەگەیێنیم کە دەستم لەکار کێشاوەتەوە. دەستلەکارناکێشمەوە و دەوەستم."
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها روونیکردەوە، لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا هاوئاهەنگییەکی تەواویان هەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانیش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیانی رەتکردەوە.
محەممەدباقر خەڕازی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، موجتەبا خامنەیی بەنیازە گۆڕانکاری لە تیمی دانوستاندنکاری کۆماری ئیسلامی و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەدا بکات.
لەبارەوە، خەڕازی دەڵێت، "رێبەری شۆڕش دەیەوێ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بگۆڕێ، بەڕێز زولقەدر لابدات و بەڕێز موحسین رەزایی بچێتە شوێنی. بە عێراقچیش گوتراوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی دەستوەردانت لە دانوستانەکاندا نییە."



