رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری گشتیی ئەرتەشی ئێران دەڵێت، لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەوە تاوەکو ئێستا، 14 ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لە دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی کردووە، بەڵام بەرپرسانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زانیارییەکانی راوێژکارەکە رەتدەکەنەوە.
موجتەبا جەعفەری، راوێژکاری فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی ئێران، لە رێوڕەسمی (شینگێڕیی موحەرەم) لە مەیدانی ئازادیی تاران رۆژی شەممە 1ـی ئابی 2026، رایگەیاند: "سەربازانی یەکەی تایبەتی 23ـی هێزی زەوینیی ئەرتەش، 14 ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لەنێو خاکی عێراق، لەوانە لە سلێمانی و هەولێر لە دژی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە."
موجتەبا جەعفەری هەروەها دەڵێت: "هێزەکان بەسەرکەوتوویی چوونەتە ئەوێ و کەسان و بەرپرسانی حیزبییان لەنێو بردووە و بەشێکیان بەدیل گرتوون."
بەرپرسێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم قسانە هیچ بنەمایەکییان نییە و تەنیا دەیانەوێ بەم قسانە خۆڵ لە چاوی خەڵک بکەن، ئەگەر ئۆپەراسیۆنێک کراوە بۆچی دەستکەوتەکەی رانەگەیێندراوە؟"
ئەو بەرپرسەی حدکا ئاماژەی بە هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری کادر و پێشمەرگەکانیان کرد و گوتی: "رێکاری پێویستمان بۆ پاراستنی کادر و پێشمەرگەکانمان و سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر."
لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات، هێرشەکانی ئێرانییش بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەک و درۆن دەستیپێکردووە. لە ئەنجامدا 19 پێشمەرگە شەهید بوون و چەندینی دیکەش بریندار بوون.
ئەمجەد حوسێنپەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جگە لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی، کۆماری ئیسلامی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لە خاکی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بۆیە قسەی ئەو کەسە پڕوپاگەندەیەکی گاڵتەجاڕانەیە."
ئەمجەد حوسێنپەناهی روونیکردەوە، ئەوان لە باشووری کوردستان لەنێو گەلی خۆیاندان و زیاتر لە هەموو کاتێکیش لە ئامادەیی تەواودان بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئێران و گوتی: "بەدیلگرتنی کادر و پێشمەرگەکانمان ئەوەندە کارێکی ئاسان نییە."



