رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانیویانە هێرشێکی زەوینی و ئاسمانیی ئەمریکا پەکبخەن و گورزی کوشندە لە بنکەکانی سێنتکۆم لە ناوچەکە بوەشێنن، بە جۆرێک بنکەکانیان لە کوێت بوونەتە کەلاوە و لە هەولێریش هێزەکانیان پاشەکشەیان پێکراوە.
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لەبارەی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتن رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشە وردەکانی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) ناچار بوو سەرەتا لە قەتەرەوە بۆ ئوردن رابکات، دوای هێرشە وردەکانی ئێمە بۆ سەر ئوردنیش، فەرماندەییەکەیان بۆ ناو خاکی ئیسرائیل گواستەوە."
"پووچەڵکردنەوەی هێرشی زەوینی"
موحسین رەزایی ئاشکرای کرد، ئەمریکا پلانی هەبووە هێرشی زەوینی بکاتە سەر خاکی ئێران و گوتی: "ئەمریکا ئەو پردانەی تەقاندەوە کە دەچنەوە سەر پارێزگای هورمزگان، ئەمەش بە مەبەستی ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بوو، بەڵام پلانی ناپوختی فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا و وەڵامی تووندی ئێمە بووە هۆی ئەوەی هێرشە زەوینی و ئاسمانییەکەیان بوەستێنرێت."
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بە شەڕی 17 رۆژەی ئەمدواییە کرد و گوتی: "دوای ئەوەی ئەمریکا لێکتێگەیشتنەکانی پێشێل کرد، لە ماوەی 17 رۆژدا گورزی زۆر بەهێزمان لێدان. لە رۆژانی کۆتایی شەڕەکەدا، شەپۆلێکی زۆر وردی هێرشی درۆنی و موشەکیمان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا؛ بنکەکەیان لە کوێت بووە کەلاوە و زیانی زۆر قورسی بەرکەوت، لە هەولێریش زۆرینەی هێزەکانیان چۆڵیان کرد."
تەنگەی هورمز و هەڕەشەی کەشتیگەکان
سەبارەت بە دۆخی دەریاوانی و گەرووی هورمز، رەزایی هەڕەشەی تووندی کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا لە لێکتێگەیشتنەکاندا رێککەوتبوو کە رێکارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز قبووڵ بکات، بەڵام پێشێلی کرد. ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین هیچ رێڕەوێکی دیکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێران لەو تەنگەیەدا بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا کەشتیگەلی جەنگیش بهێنێت، دەیکەینە ئامانج."
هەروەها هۆشداریی دا، ئەگەر گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بەردەوام بێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستەوەستان ناوەستن.
موحسین رەزایی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترامپ و گوتی: "ترەمپ خەونی بەوەوە دەبینی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر لە جەنگی جیهانی دووەم بکات و وەک سەرکەوتنێکی گەورە بیناسێنێت، بەڵام خەونەکەی سەری نەگرت. ئەو دەیەوێت شەڕەکە فراوان بکات، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم."
لەبارەی بەشدارینەکردنی ئیسرائیل لە هێرشەکاندا، رەزایی گوتی: "ئیسرائیل نەیتوانی بەشداری بکات، چونکە 50٪ی هێزەکانی لە باشووری لوبنان و بەشێکی زۆریشی لە غەززە گیریان خواردووە و هێزەکانیان پەککەوتوون. ترەمپ دەیویست بەبێ ئیسرائیل هێرش بکات تاوەکو سەرکەوتنەکە تەنیا بۆ خۆی بێت و نیشانی بدات جەنگەکە لەبەر خاتری ئیسرائیل نییە."
لە هێرشەکانی سعودیە و ئۆکراینا دەکۆڵینەوە
رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسێکی سعودی پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە و رەتیکردووەتەوە کە دەستیان لە هێرشەکان بۆ سەر عێراق هەبووبێت، رەزایی گوتی: "ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە راستی و دروستی ئەم بانگەشەیەی سعودییەکان."
قسەکانی رەزایی لە کاتێکدایە سعودیە خۆی دانی بەوە داناوە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و لە ئەنجامدا 18 چەکداریان کوشتوون و 22شیان بریندار کردوون.
سەبارەت بە هێرشەکەی ئۆکرایناش بۆ سەر کەشتییەکی ئێرانی، موحسین رەزایی رایگەیاند، کە ئامادەبوون هێرش بکەنە سەر سێ ناوچە لەو وڵاتە، بەڵام دوای ئەوەی گوترا هێرشەکە بە هەڵە بووە، وەستاندوویانە تاوەکو لێکۆڵینەوە بکەن.
لە کۆتاییدا موحسین رەزایی جەختی کردەوە: "ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام تاوەکو دوا دڵۆپەی خوێن بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین. دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشەکانی وەستاند، ئێمە دوو رۆژی دیکە بەردەوام بووین لە هێرشکردن تاوەکو تێبگەن کە دەبێت باجی رەفتارەکانیان بدەن."



